ھاوپەیمانیی کوردستانی: سەرۆکوەزیرانێکمان ھەیە کێشەی لەگەڵ ھەموو لایەنەکان ھەیە و تەنیا خۆی بە ڕاست دەزانێت

هەولێر- تایبەت بەKDP.info/ گوتەبێژی لیستی ھاوپەیمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لە ھیچ وڵاتێکی دیموکراسی نەبووە حکوومەت بەبێ بڕیاری پەرلەمان بودجە خەرج بکات، بۆیە دیموکراسییەت لە عێراقدا لەژێر ھەڕەشەیەکی گەورەدایە.
گوتەبێژی لیستی ھاوپەیمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، موئەیەد تەییب، بەkdp.infoـی راگەیاند: ئێمە سەرۆکوەزیرانێکمان ھەیە کێشەی لەگەڵ ھەموو لایەنەکان ھەیە و تەنیا خۆی بە ڕاست دەزانێت و ھەموولایەنەکانی دیکە بە پیلانگێڕ دەزانێت، ئەمەش ھیچ لایەنێک لێی قبووڵ ناکات.
موئەیەد تەییب گوتیشی: ھیچ سەرۆک حکوومەتێک لە عێراق لەکاتی شەڕکردن بۆ نەمانی کوردیش مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانی نەبڕیوە، كەچی نووری مالیکی مووچەکەیانی بڕی، ھەروەھا گفتوگۆکانی لەگەڵ لایەنی سوننی گەیشتووەتە بنبەست و لەگەڵ لایەنە شیعەکانیش کێشەی ھەیە، بۆیە زۆر گەشبین نین کێشەکان چارە بکرێن.
گوتەبێژی لیستی ھاوپەیمانیی کوردستانی گوتیشی: نووری مالیکی ھیچ بروایەکی بە دیموکراسییەت نییە و دەستی بەسەر ھەموو پۆستەکاندا گرتووە و ھیچ بەھایەک بۆ پەرلەمانیش دانانێت کە بڕیاری داوە بودجە بەبێ پەسەندکردنی لەلایەن پەرلەمان خەرج بکات، کە ئەمە لە ھیچ وڵاتێکی دیموکراسییەت نەبووە پەرلەمان ھەبێت بەبێ بڕیاری ئەوان بودجە خەرج بکات.
تەییب ئاماژەیشی دا، لە ئێستادا نووری مالیکی و لیستی دەوڵەتی قانوون ھەموو دەستەڵاتەکانیان قۆرخ کردووە و دیموکراسییەتیش لە عێراق کەوتووەتە بەر ھەڕەشەیەکی زۆر گەورەوە.
بڵند ئیبراهیم




