پەرلەمانی كوردستان: دەبێ یادی شەشی ئازار وانەیەك بێ بۆ ئەوانەی حوکمڕانی عیَراق دەکەن

هەولێر- KDP.info/پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت كە، دەبێ یادی شەشی ئازار وانەیەك بێ بۆ ئەوانەی حوکمڕانی عیَراق دەکەن؛ چونكە یادکردنەوەی ئەو رۆژە ڕەشە ئەو راستییە بۆ هەمووان دەسەلمێنێ کە ئەوانەی بیریان بۆ لەناوبردن و نەهێشتن و نکۆڵیکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان دەکرد بەچ رۆژگارێک گەیشتن.
پەرلەمانی كوردستان لە بەیاننامەیەكیدا لە ساڵیادی ڕێككەوتننامە شومەكەی جەزایردا هاوكات جەخت دەكاتەوە لەوەی كە، "ئەمرۆ لە هەموو کاتێک زیاتر جەخت لەسەر چەسپاندنی بنەما سەرەکییەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و چەسپاندنی بڕگە و ماددەکانی دەستووری هەمیشەیی عیَراق دەکەینەوە. دەبێ ئەو یادە وانەیەکی بەهێز بێ بۆ ئەوانەی حوکمڕانی عیراق دەکەن کە داخوازی و مافەکانی گەل جێبەجێ بکەن و پەنا بۆ کاری نایاسایی و نا دەستووری نەبەن."
ڕێككەوتننامەی جەزایر كە لە 6ـی ئازادی 1975ـدا بوو، لە نێوان جێگری سەرۆكی عێراقی ئەوكات، سەددام حوسێن و شای ئێران، محەممەد ڕەزاپەهلەوی و بە چاودێریی سەرۆكی ئەوكاتی جەزایر، هواری بودمین واژۆ كرا.
سنووری نێوان عێراق و ئێران یەكێك لە بابەتەكانی ڕێككەوتننامەكە بوو، مەبەست لێی دامركاندنەوەی شۆڕشی كورد لە باشووری كوردستان بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر بوو.
راگەیەنراوی پەرلەمانی کوردستان لەیادی رێکكەوتننامەی شوومی جەزائیر
ئەمرۆ شەشی ئادار یادەوەریەکی تاڵ و رۆژێکی شوومە لەمێژووی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کوردستان، لەو رۆژەدا بوو کە رێککەوتنامە شوومەکەی ئەلجەزائیر لەنێوان شای ئەو سەردەمەی ئێران و سەدام حسێنی دیکتاتۆری عیراق دژ بەشۆرشی ئەیلوول بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزانی ئیمزا کرا.
یادکردنەوەی ئەو رۆژە رەشە ئەو راستیە بۆ هەموان دەسەلمێنێ کە ئەوانەی بیریان بۆ لەناوبردن و نەهێشتن و نکۆڵی کردن لە مافەکانی گەلی کوردستان دەکرد بەچ رۆژگارێک گەیشتن و گەلی کورد و کوردستانیش کە خاوەن بڕواو تینێکی بەهێز بوون چۆن سەرسەختانە بەرگرییان لەدیموکراتییەت و ماف و داواکانی گەلی کوردستان و تەنانەت عیراقیش کرد،
ئەمرۆش لەهەموو کاتێک زیاتر جەخت لەسەر چەسپاندنی بنەما سەرەکیەکانی دیموکراسیی و مافی مرۆڤ و چەسپاندنی بڕگە و مادەکانی دەستوری هەمیشەیی عیراق دەکەینەوەو دەبێ ئەو یادە وانەیەکی بەهێز بێ بۆ ئەوانەی حوکمڕانی عیراق دەکەن کە داخوازی و مافەکانی گەل جێبەجێ بکەن و پەنا بۆ کاری نایاسایی و نا دەستووری نەبەن چونکە مێژوو ئەوەی سەلماند پیلانگێڕانی ئەو رێکەوتنە بەچ رۆژگارێک گەیشتن و گەلی کوردستانیش چ ئاسۆیەکی گەش چاوەرێی دەکات.
پەرلەمانی کوردستان




