ئەندامێکی لیژنەی یاسایی: خەرجکردنی بودجە بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان پێچەوانەی یاسایە

بەغدا- تایبەت بەKDP.info/ ئەندامێکی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت، بەھیچ شێوەیەک ناکرێت پێش ئەوەی پەرلەمان پڕۆژە یاسای بودجە پەسەند بکات حکومەت بودجەکە خەرج بکات،چونکە پێچەوانەی یاسایە.
ئازاد ئەبوبەکر ئەندامی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی عێراق بەkdp.infoراگەیاند: بڕیاری نووری مالیکی بۆ خەرجکردنی پارە بۆ ھەندێک لە پڕۆژەکان پێچەوانەی یاسای ژمارە95ئیدارەی دارایی عێراقە کە لە ساڵی 2004دەرچووە، چونکە بەپێی ئەو یاسایە ئەگەر تا کۆتایی ساڵ پەرلەمان نەتوانی پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند بکات، ئەوکات وەزیری دارایی دەتوانێ یەک لەسەر دوازدەی بودجە خەرج بکات، ئەمەش دیاری کراوە چۆن خەرج دەکرێت، بۆ نموونە مووچەیە یاخود خانەنشینی یاخود قەرزە جگە لەوە حکوومەت بە ھیچ شێوەیەک ناتوانێ بودجە بۆ ھیچ پڕۆژەیەک خەرج بکات بێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان.
ئازاد ئەبوبەکر گوتیشی: جگە لەو یاسایە ھیچ یاسایەکی دیکە نییە باس لە خەرجکردنی بودجە بکات بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان و لە دەستووریش باسی لێوە نەکراوە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق راشیگەیاند: نووری مالیکی باس لەوە دەکات پەرلەمان بودجە پەسەند ناکات، ئەو خۆی ھۆکارە کە تاوەکو ئێستا بودجە پەسەند نەکراوە، چونکە پڕۆژەیاسای بودجەی درەنگ بۆ پەرلەمان ناردووە و بە کۆلێک کێشەوە، بۆیە بە ھیچ شێوەیەک بۆی نییە بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان بودجە بۆ ھیچ پڕۆژەیەک خەرج بکات.
ئەمەش لەکاتێکدایە سەرۆکوەزیرانی عێراق، نووری مالیکی، لەوتاری ھەفتانەیدا رایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار دراوە کە پارە بۆ ھەندێک پڕۆژە خەرج بکرێت بێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمانی عێراق.
بڵند ئیبراهیم




