سەرۆك بارزانی: بەغدا لەسەر سیاسەتی ئێستای بەردەوام بێت، هەڵوێستێكمان دەبێ چاوەڕواننەكراو بێت

هەولێر- KDP.info/ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی ڕایگەیاند، ئەگەر دەستەڵاتدارانی بەغدا وەها بیر بكەنەوە كە بڕینی مووچە و قوتی خەڵك وەك كارتی گوشار بە كار دەبەن و لەسەر ئەو ڕەوتارەیان بەردەوام بن، ئەوا "هەڵوێستێكمان دەبێ لە چاوەڕوانیی ئەواندا نەبێ و با چاوەڕوان بن بزانن كە دەتوانین بڕیار بدەین یان نا."
ئهمرۆ پێنجشهممه و له ههولێر، لە مەراسیمی هێنانەوەی ڕووفاتی 93 بارزانیی ئەنفالكراودا كە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی ڕووخاودا زیندەبەچاڵ كراون، سەرۆك بارزانی وێڕای نیگەرانی و سەری ڕێز دانەواندن بۆ شەهیدانی سەربەرزی كوردستان، دەربارەی دۆخی ئێستای عێراق و پێوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دوا و ڕایگەیاند، "قەیرانەكان هیی ئێستا نین و كۆنن و پێشتریش لەبارەی پێشێلكردنی دەستوورەوە هۆشداریمان داوە كە دیموكراسی و فیدراڵی پێكەوەژیان لە عێراقدا لە مەترسیدایە."
| سهرۆك بارزانی: ههنگاو بۆ پێشهوه دهنێین و ناگهڕێینهوه دواوه |
بارزانی جەختی كردەوە كە، "بابەتی قەیرانی نێوان هەولێر و بەغدا، پێوەندیی بە بودجەوە نییە، بەڵكە شكاندنی شكۆ و هەیبەتی كورد و كوردستانە و ئەوان دەیانەوێت ئێمە پاشكۆ بین و خاوەنی بڕیاری خۆمان نەبین. ئەوان دەیانەوێ وەك پارێزگایەك سەیری هەرێمی كوردستان بكەن نەك وەك هەرێمێكی فیدراڵ و حیساب بۆ قوربانییەكانی میللەتێك نەكەن. بەڵا دەپرسم كە كورد ئامادەیە بڕیاری خۆی بداتە دەست خەڵكی دی؟ من پێم وایە لەبەرانبەر ئەو سیاسەتەدا خەڵكی كوردستان یەكهەڵوێستن و ئەم سیاسەتەی ئەوان قبووڵ ناكەن؛ چونكە ئێمە هەنگاو بۆ پێشەوە دەنێین و ناگەڕێینەوە دواوە."
دەربارەی چوونی شاندی كورد كە سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی هەرێم سەرۆكایەتیی دەكرد بۆ بەغدا گوتی، "لە جیاتی لێكتێگەیشتن و چارەكردنی كێشەكان كەچی پاش گفتوگۆ و گهڕانهوهی شاندی کوردی، مووچە و قوتی خەڵكی كوردستانیان بڕی. بۆیه دهڵێم ئەگەر دەستەڵاتدارانی بەغدا وەها بیر بكەنەوە كە ئەمە وەك كارتی گوشار بە كار دەبەن، (ئەوەی من دەیڵێێم هەڕەشە نییە)، بەڵام ئەگەر بەغدا وەها بەردەوام بێت لەسەر ئەم سیاسەت و بڕیارانە، ئەوا هەڵوێستێكمان دەبێ كە چاوەڕوانی ناكەن و ا بشبینن كە ئایا پێمان دەكرێ یان نا."
بارزانی زیاتر ڕوونی كردەوە، "فێر نەبووین لەژێر زولچم زۆرداریدا بژین، بەڵكە فێر بووین بمرین تا بژین. چونكە ئەو گرفتەی كە هەیە عەقڵیەتی خۆسەپاندن و بەكەمدیتنی هاووڵاتیانی كوردە. دیارە ئەمەیش قبووڵنەكراوە و ئێمە دەمانەویست عێراقێك بینا بكرێت كە پێكهاتەكان لە ماف و ئەركەكانیدا یەكسان بن و كورد لە پێناویدا زۆر هەوڵی دا و ڕۆڵی گرنگی بینی و دواجار لە دەستووردا نووسرایەوە و هەر دەستووریش بوو كە وای كرد لەگەڵ عێراقدا بمێنینەوە."
سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەروەها ڕایگەیاند که پێشتر لەگەڵ كۆی حیزبەكاندا كۆ بووەتەوە و تێید باسیان كردووە كە بەم جۆرە لەگەڵ عێراقدا پێكەوە ناژین، "چونكە ناتوانین ئێمە هەمیشە لەژێر هەڕەشەدا بین و پێمان وایە كە ئایندەی كوردستانیش باش و ڕوون دەبێ."
|
سهرۆك بارزانی: سهرۆكوهزیران و فهرماندهی گشتی هێزه چهكدارهكان دهبێ راستگۆ بێ |
تەورێكی دیكەی سەرۆك بارزانی قسەكردن بوو لەسەر لێدوانە ڕۆژنامەوانییەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، نووری مالیكی و ڕایگەیاند كە بیستوویانە گلەیی هەیە و ئاراستەی هەرێمی كوردستانی كردووە، بارزانی لەوەڵامدا ڕایگەیاند، "من دەڵێم كە سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان بێ، دەبێ ڕاستگۆیش بێ."
دەربارەی ئەوەیش كە مالیكی دەڵێت چیدی حیساب بۆ پەرلەمانی عێراق ناكات، "ئەوە كودەتایە و بۆیە ئێمەیش ناتوانین مامەڵە لەگەڵ كە هەموو سنوورەكان ببەزێنێ و پێشێلێ سەروەرییەكان بكات."




