٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

حاچم حەسەنی و عەبدولكەریم سامەڕایی: بەرپرسانی هەرێم لەسەر حەقن

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی -- KDP.INFO/ بەشێك لە سەركردە سوننەكانی عێراق دەڵێن لە ناكۆكیی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق حەق بە هەرێمی كوردستانە.

بەپێی هەواڵێكی (AA) سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عێراق حاچم حەسەنی، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو هەموو ساڵە كە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر نەكراون، هۆكارەكەی پەسەندنەكردنی پرۆژەیاسای نەوت و غازە لە پەرلەمانی عێراق."

حەسەنی، سەركردەی پێشووی حزبی ئیسلامی عێراق كە حزبێكی سوننییە، خولی دووەمی پەرلەمانی عێراق بوو بە سەرۆكی پەرلەمان. دواتر لەسەر لیستی دەوڵەتی یاسا كە مالیكی سەرۆكایەتی دەكات بوویەوە ئەندامی پەرلەمان، ماوەی ساڵێكە بەهۆی رەوشی ناوخۆی عێراق و كێشەكانی پارێزگای ئەنبار، لە لیستەكەی مالیكی كشاوەتەوە و چۆتە لیستی موتەحیدون كە ئوسامە نوجێفی، سەرۆكی ئێستای پەرلەمان سەرۆكایەتی دەكات.

حاچم حەسەنی، سەبارەت بە نیگەرانییەكانی هەولێر گوتی: " نێچیرڤان بارزانی لە گوتارەكەیدا لە كۆڕبەندی دیداری سلێمانی، لەسەر حەق بوو. ١٠ ساڵە كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر نەكراون، هۆكارەكەیشی بەهۆی پەسەندنەكردنی یاسای نەوت و غازە لە پەرلەمانی عێراق. لەسەر ئەو ناكۆكییانە هیچ گۆڕانكارییەكی تازە لەگفتوگۆگانی نێوانیان نییە، ئەو كۆبونەوانەی دەكرێن بەردەوامییان هەیە، بودجەی گشتیی ساڵی 2014ی عێراقیش هەر لە چاوەڕوانی ئەنجامی ئەو كۆبونەوانەدایە.

لە لایەكی دیكە عەبدولكەریم سامەڕایی، وەزیری زانست و تەكنۆلۆژیای حكومەتی عێراق. لەمەڕ كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا، ماف دەدا بە كاربەدەستانی هەرێمی كوردستان كە نیگەرانی هەڵسوكەوت و مامەڵەی حكومەتی بەغدا بن.

سامەڕایی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: نێچیرڤان بارزانی و سەركردایەتیی كورد، بە شێوەیەكی ڕوون قسەیان كردووە لەبارەی ترسی هەرێم لە دۆخی گشتیی عێراق، هەر لە داڕووخانی پڕۆسەی سیاسی، بەزاندنی دەستوور و كودەتا كردن بەسەر چەند بڕگەیەكی دەستوور و یاساكاندا. ئەو مەترسیانە لای زۆرێك لە عێراقییەكان و سیاسییەكان هەیە لە بارەی ئایندەی سیاسی و دیموكراسی. تەنیا هەرێمی كوردستان نییە كە ئەو ترسەی هەیە."

سامەڕایی هیوای خواست هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا لەسەر پرسە ناكۆكەكانی نێوانییان بگەنە ڕێككەوتن بەتایبەت هەردوو كێشەی نەوت و بودجە.

ن.جەبەلی

هەواڵی پەیوەندیدار