راپەڕین لە دیتی نەوەی نوێیەوە

هەولێر- تایبەت بە KDP.info/هەرچەندە راپەڕین قۆناغێكی گرنگە لە مێژووی شۆرشگێڕانەی گەلی كورد و تەواوی كوردستان بە هەرچوار پارچەكەیەوە شانازی پێوە دەكەن و بە دەستكەوتێكی سیاسیی گەورە لە قەڵم دەدرێت، بەڵام دوای تێپەڕبوونی 23 ساڵ بەسەر ئەو راپەڕینە مەزنەدا، نەوەكانی ئەم سەردەمە رووداوەكانی راپەڕینیان لە یاد نەماوە و كەم زانیارییان لەبەرامبەر دۆخی دروستبوون و ئامانجەكانی ئەو راپەڕینە هەیە.
سەبارەت بە راپەڕین، هەژار ئیسماعیل تەمەن ٢٣ ساڵ و دانیشتووی شاری هەولێر، ئاماژە بەوە دەكات، سەرەتای راپەڕینەكەی ساڵی ١٩٩١، لە شارۆچكەی قەڵادزێ بەرەو قەزای رانیە سەریهەڵدا و توانرا لە ماوەیەكی كورتدا دامودەزگا داپلۆسێنەرەكانی رژێمی بەعس لەو ناوچانە تێكبدرێن و لە بەعسیەكان پاك بكرێنەوە، ئەو گوتی:(دانیشتوانی رانیە قارەمانانە لە دژی بەعس راپەڕین و دەروازەی راپەڕینێكی مێژووییان لە كوردستان كردەوە).
هاوكات، ئۆمێد حەسەن تەمەن ٢٢ ساڵ و پیشە كاسب، دەڵێت:(هیچ شتێك دەربارەی راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ نازانێت، لەبەرئەوەی باسكردنی راپەڕین لەناو خەڵك و كۆر و كۆبوونەوەكاندا كەم بووەتەوە، بۆیە پێویستە لەسەر كەناڵەكانی راگەیاندنو لایەنە پەیوەندیدارەكانی پەروەردە و خوێندن، گرنگی زیاتر بەراپەڕین بدەن، بە مەبەستی دەوڵەمەندكردنی نەوەی ئەم سەردەمە بە زانیاریی ورد سەبارەت بەو دەستكەوتە مێژووییە و لەبیرنەكردنی لەلایەن نەوەكانی داھاتووەوە).
كەناڵەكان و پرۆگرامەكانی خوێندن
زانا هاشم تەمەن ٣٠ ساڵ كە پیشەی كاسبكارە، گوتی: "لە كاتی راپەڕیندا، ئەندامانی خێزانەكەم لە ماڵەوە بەنھێنییەوە گوێیان لە ئێزگە دەگرت و نەیاندەتوانی بە ئاشكرا ئاگاداری پێشھاتەكان بن، لە بەیانیی راپەڕیندا دایكم ئاگاداری كردینەوە كە شار شڵەژاوە و قەرەباڵغییەكی زۆر هەیە، من وەكو خۆم بە ھۆی تەمەنەكەمەوە شارەزاییەكی ئەوتۆم نەبوو لەسەر پێشمەرگە و ژیانی پێشمەرگە و شۆڕش، كاتێك سەیرمان كرد، خەڵك بە جۆش و خڕۆشێكی پڕ لە شادییەوە پێشوازییان لە راپەڕین كرد، ھەروەھا گەڕانەوەی پێشمەرگەكان بۆ ناو شار، خۆشبەختی بوو بۆ ئێمە، بۆیە پێویستە ھەموو ساڵێك بە گرنگییەوە یادی راپەڕین بكرێتەوە."
خاتوو تریفە عەبدوڵڵا؛ تەمەن ٢٠ ساڵ و قوتابی پەیمانگە، گوتی: "راپەڕینەكەی ساڵی ١٩٩١، دەستكەوتێكی باشی ھەبوو بۆ كورد، ئەمەش وایكردووە كە كورد گۆڕانكارییەكی بەسەردا بێت و لەوكاتەوە زیاتر خەڵكەكە چاوكراوە بووە و وایكردووە كە كوردستان بەرەو پێش بەرێت، چونكە بەردەوام رژێمی بەعس دەیوست لە رێگەی قەتیسكردن و زەوتكردنی ئازادییە تاكە كەسییەكان و گەلی كورد، كوردستان دابڕێنێت، بۆیە راپەڕین ئازادییەكانی رزگار كرد و گۆڕانكارییەكی گەورەی لە مێژووی سیاسی كورد تۆمار كرد."
راپەڕینە مەزنەكەی ساڵی ١٩٩١ـی گەلی كورد كە هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵ تێیدا بەشدار بوون و توانرا لە ماوەی چەند هەفتەیەكدا شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بە كەركووكیشەوە، لەژێر دەستی رژێمی رووخاوی بەعس رزگار بكرێت و وەرچەرخانێكی گەورە لە مێژووی پڕسەروەریی گەلی كورد تۆمار بكرێت و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد، هەنگاوی جیددی بەرەو بە فیدراڵیبوونی هەرێمی كوردستان بنێت.
ن.جەبەلی




