سهرۆكی ههرێمی كوردستان جەختی لەسەر پەرەدان بە پێوەندییەكانی هەرێم و توركیا كردەوە

ھەولێر- KDP.info/ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی، لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا، ئەحمەد داوودئۆغڵو، جەختی لەسەر پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا كرد و ئامادەیی هەرێمی كوردستانی بۆ بەردەوامیی ئەو پەیوەندییانە ڕاگەیاند.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لە هەولێر، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی، پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی توركیا، ئەحمەد داوودئۆغلو و شاندێكی یاوەری كرد كە لە جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا و باڵیۆزی توركیا لە عێراقی فیدڕاڵ و هەروەها بەرپرسی بەشی كاروباری عێراق لە وەزارەتی دەروەی توركیا پێكهاتبوون.
لە كۆبوونەوەیەكدا كە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان،نێچیرڤان بارزانی و ژمارەیەك بەرپرسی ئیداری و سیاسیی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، وەزیری دەرەوەی توركیا خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی و سەردانی بۆ هەرێمی كوردستان و هەروەها بەشداربوونی لە كۆڕبەندی دیداری سلێمانی لە زانكۆی ئەمەریكایی شاری سلێمانی دەربڕی و خۆشحاڵیی خۆیشی نیشان دا بە پێشڤەچوون و گەشەسەندنی پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و كولتوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیا.
لە بەشێكی قسەكانیدا وەزیری دەرەوەی توركیا باسی سەردانە مێژووییەكەی سەرۆك بارزانی بۆ شاری ئامەد كرد و ئەو سەردانەی بە كاریگەر و گرنگ و مێژوویی لە قەڵەم دا.
لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی وەزیری دەرەوەی توركیا و شاندی یاوەری كرد و جەختیشی لەسەر پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا كرد و ئامادەیی هەرێمی كوردستانی بۆ بەردەوامیی ئەو پەیوەندییانە ڕاگەیاند.
هەر لەم دیدارەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و كاریگەرییەكانی لەسەر ئاییندەی سیاسیی عێراق تاوتوو كرا و، پەیوەست بە بابەتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران سەرۆك بارزانی بە پێویستی زانی كە ئەم هەڵبژاردنە لە وادەی دیاریكراوی خۆی و بە بێ هیچ گرفتێك ئەنجام بدرێت، بارودۆخی سیاسی ناوچەكە و ڕەوشی سیاسی و ئەمنی سووریا و دۆخی پەنابەرانی سووریا تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو.
سەردانی داوود ئۆغڵو بۆ هەولێر كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك بارزانیدا، پاش بەشداریكردنی ناوبراو دێت لە كۆڕبەندی ساڵانەی زانكۆی ئەمەریكایی لە سلێمانی.




