ماوەی پێنج رۆژە 143عومرەکاری کورد لە سعوودیە گیریان خواردووە و ناتوانن بگەڕێنەوە ھەرێم

ھەولێر- تایبەت بەKDP.info/ بەرێوبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، ماوەی پێنج رۆژە 143عومرەکاری ھەرێمی کوردستان لە وڵاتی سعوودیە گیریان خواردووە و بەھۆی نەبوونی فرۆکەوە ناتوانن بگەرێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان.
مەریوان نەقشبەندی، بەرێوبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەkdp.infoراگەیاند: کۆمپانیایەکی گواستنەوەی عومرەکاران کە مۆڵەتی ھەیە ئەو عومرەکارانەی لە رێگەی وڵاتی سێیەم بۆ سعوودیە گواستۆتەوە، کە ئەمەش لە دەرەوەی رێنماییەکانی وەزارەتی ئەوقافە، بۆیە ئەمڕۆ ئەو کۆمپانیایە سزا درا و ئاگادار کراوە ئەگەر تاوەکو 24سەعاتی دیکە ئەو عومرەکارانە نەگرێنرێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان مۆڵەتەکەی لێ وەردەگیرێتەوە.
مەریوان نەقشبەندی گوتیشی: ئەو عومرەکارانە ماوەی پێنج رۆژە لە سعوودیە بەھۆی نەبوونی فڕۆکەوە ماونەتەوە و ناتوانن بگەرێنەوە، بەڵام پێویستە ئەو کۆمپانیایە بەھەر شێوەیەک بێت تا سبەی ئەو عومرەکارانە بگەڕێنیتەوە ھەرێمی کوردستان.
ئاماژەیشی دا، لە سەرەتای دەستپێکردنی وەرزی ئەمساڵی عومرە، ئەمە دووەم کۆمپانیایە سەرپێچی بکات و لە رێگەی وڵاتی سێیەمەوە عومرەکاران ببات بۆ سعوودیە، چونکە بەپێی رێنماییەکان پێویستە عومرەکارانی ھەرێم لە رێگەی فرۆکەخانەکانی ھەولێر و سلێمانییەوە راستەوخۆ بۆ سعوودیە بگوازرێنەوە، بە پێچەوانەوە سزا دەدرێن.
بڵند ئیبراهیم




