نامەكەی ئۆباما بۆ مالیكی، پێگەی سیاسی و ئابووریی كورد لە ناوخۆ و ناوچەكەدا بەهێزتر دەكات

چاودێرانی یاسایی و سیاسی پێیان وایە نامەكەی سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، باراك ئۆباما، بۆ سەرۆكوەزیرانی عێراق، نووری مالیكی، نامەیەكی سیاسییە نەك یاسایی و ئەوەی لە ناوەرۆكەكەیشی دەردەكەوێت، پشتگیریی ئەمەریكایە لە سیاسەتی نەوتیی هەرێمی كوردستان و ئەمەیش پێگەی سیاسی و ئابووری كورد لە ناوخۆ و ناوچەكەدا بەهێزتر دەكات.
مامۆستای كۆلێژی یاسا لە زانكۆی سلێمانی، پێشرەو حەمەجان، پێی وایە ناوەرۆكی وەڵامەكەی ئۆباما بۆ مالیكی، دەرەنجامی گفتوگۆی دواسەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانییە، بۆ ئەمەریكا.
پێشرەو حەمەجان بە پەیامنێری راگەیاندووە: پێدەچێت لەو سەردانەدا قەناعەتێك لای بەرپرسانی كۆشكی سپی دروست بووبێت كە سیاسەتی نەوتیی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقدایە، بۆیە ئۆباما لە وەڵامی نامەكەی مالیكیدا بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ پشتگیریی ئەو سیاسەتەی هەرێمی كردووە.
ئەو مامۆستایەی زانكۆی سلێمانی پێی وایە نامەكەی ئۆباما سیاسییە نەك یاسایی، بۆیە لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە ئەمەریكا و عێراق بە هیچ شتێكەوە پابەند ناكات.
پێشتر نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، نووری مالیكی، بڵاوی كردەوە كە لەو نامەیەی ئۆبامادا كە دەستنووسە، ئەمەریكا پشتگیری لە سیاسەتی نەوتیی بەغدا دەكات و داوایش لە كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیل دەكات واز لە دەرهێنانی نەوت لە كوردستان بهێنێت.
پێشتریش ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەغدا (قاسم محەممەد) پێی وابوو كە ئەمە گەمەیەكی مالیكییە و دەیەوێ لەو رێگەوەیە گوشارەكان لەسەر خۆی كەم بكاتەوە. ئەو دەڵێ: ناوەرۆكی بەیاننامەكەی نووسینگەی سەرۆكوەزیران كە بەو شێوەیە هەڵوێستی ئۆبامای گواستووەتەوە، دوورە لە ڕاستییەوە.
ناوەرۆكی نامەكەی ئۆباما كە لە زۆربەی میدیا كوردییەكاندا بڵاو بووەتەوە، جەخت لەسەر دوو خاڵاَ دەكاتەوە. یەكەم ئەوەی كە هەموو كۆمپانیاكان بۆ كاركردن لە عێراقدا پابەند بە دەستوور بن. لە خاڵی دووەمیشدا كە پێدەچێت وەڵامی داواكارییەكی مالیكی بێت بۆ ڕاگرتنی كارەكانی كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیل لە كوردستاندا، ئۆباما دەڵێ ئەو كۆمپانیایانە لە بڕیارداندا سەربەخۆن.
مامۆستای زانكۆ و شارەزای دەستووری پێشرەو حەمەجان، مەبەستی ئەو دوو خاڵە بەو شێوەیە شی دەكاتەوە، ئۆباما كە باسی دەستوور دەكات، مەبەستی ئەوەیە سیاسەتی نەوتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقدایە. ئەو كاتەیش كە باسی بڕیاری كۆمپانیاكان دەكات، ڕووی لە حكوومەتی بەغدایە و تێیان دەگەیەنێت بۆیان نییە گوشاری سیاسی دروست بكەن بۆ ئەوەی كۆمپانیا ئەمەریكییەكان لە هەرێمی كوردستاندا كار نەكەن.
ئەو دەڵێ: بێگومان نامەكە پشتگیریكردنە لە كورد بەرانبەر بە حكوومەتی بەغدا.
هەروەها پێی وایە ئەمە پێگەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هەرێمی كوردستان لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە بەهێز دەكات و جۆرێكە لە متمانەپێدان بە حكوومەتی هەرێم.




