پەرلەمانى کوردستان لە ساڵیادى راپەرینە سەرتاسەرییەکەى جەماوەرى کوردستان پیرۆزبایى لە خەڵکى کوردستان دەکات

سلێمانی- KDP.info- لە ساڵیادى راپەرینە سەرتاسەرییەکەى جەماوەرى هەرێمى کوردستاندا کە لە شارى رانیەى دەروازەى راپەرین و قەڵادزەى سەرکەش دەستى پێکرد، پیرۆزبایی خۆمان لە خەڵکى دەروازەى راپەرین سەرجەم خەڵکى کوردستان و کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان و پێشمەرگە قارەمانەکانى کوردستان دەکەین، مایەى شانازیە کە ئەمرۆ ئەزموونى هەرێمى کوردستان لە هەموو رووێکى سیاسی و ئابوورى و کایەکانى تردا چۆتە قۆناغێکى باشتر و پەرلەمان و حکوومەتى هەرێمى کوردستانیش زادەى ئەو راپەرینە مەزنەى خەڵکى کوردستان بوو کە بەرەى کوردستانى رابەرایەتى کرد، ئێستاش بە شایەدى هەموان ئەو ئەزموونە هەنگاوى زۆر باشی لەچەسپاندنى ئارامى و ئاشتى و پێکەوەژیان و پێشکەوتن و ئاوەدانى و شارستانییەت بڕیوە و نوێنەرایەتیى وڵاتان بوونیان هەیە کە ئەم ئەزموونە بە چیرۆکى سەرکەوتن لە ناوچەکە دادەنرێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو دەسکەوتانە بێ ئاستەنگ نەبووە و هەمیشە ناحەزان لە هەوڵى ئەوەدان رەورەوەى خەبات و کۆڵنەدانى ئەو گەلە قارەمانە بوەستێن و کێشە و گرفتى بۆ دروست بکەن، بەڵام بەئیرادەى نەتەوەى کورد و خەڵکى کوردستان و پشتبەستن بە مێژوو خەبات و راپەرینە سەرتاسەرییەکەى خەڵکى کوردستان خەون و ئاواتى شەهیدان دێتە دى و مافەکانى ئەم گەلە دەستەبەر دەکرێن و هەموو پیلانەکانیش پوچەڵ دەبن، بۆیە ئەمرۆ لەهەموو کاتێک زیاتر پێویستیمان بە گیانى شۆرشگێرى و نەتەوە خوازى سەردەمى راپەرین هەیە لەپێناو پاراستنى یەکریزى و کارکردنى پێکەوەیى بۆ رووبەرووبونەوەى ئاستەنگەکان.
سڵاو لەساڵیادى 5 ى ئادار رۆژى راپەرینى خەڵکى کوردستان
سڵاو لەجەماوەرى رانیەى دەروازەى راپەرین و قەڵادزآ و گشت شارەکانى کوردستان بە شارى کەرکوکیشەوە کە بۆیەکەمین جار لەمێژووى خۆى دا لەراپەرینە سەرتاسەریەکەى کوردستان لە چەنگ جەور و ستەمى رژێمى بەعس ئازاد کرا.




