٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: ئەوەی لێی دەترساین لە عێراق هاتە دی

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.inf/سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، نیگەرانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لە هەڵوێستی بەغدا لەبارەی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و گوتی "ئەوەی لێی دەترساین لە عێراق روویدا". نێچیرڤان بارزانی گوتی "مەترسیمان لە ئایندەی عێراق هەیە و هەست بە نائومێدی دەكەین لە هەڵسوكەوتی عێراق بەرامبەر بە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان."هاوکات ئاماژەی دا که‌ چەندین جار لەلایەن حكوومەتی بەغداوە هەڕەشەی جیددی لە هەرێمی كوردستان كراوە.

لە دیداری ساڵانەی زانكۆی ئەمەریكاییدا لە شاری سلێمانی گفتوگۆیەك لە نێوان وەزیری دەرەوەی توركیا، ئەحمەد داوودئۆغلۆ و وەزیری دەرەوەی عێراق، وشیار زێباری، ئەنجام درا كە دیبەیتەكە لەلایەن د.بەرهەم ئەحمەد ساڵحەوە سەرپەرشتی دەكرێت، پێش بەستنی دیبەیتەكە نیچیرڤان بارزانی وتارێكی پێشكەش كرد و لە سەرەتای وتارەكەدا ڕۆشنایی خستەسەر پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا ڕایگەیاند: "مەترسیمان لە ئایندەی عێراق هەیە، نیگەرانین لە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ دەسەڵاتی ئێستای عێراق، لە كاتێكدا ساڵ بە دوای ساڵ گرفتمان بۆ زیاتر دەكەن، چەندین جار هەڕەشەی ڕاستەوخۆمان بیستووە لەلایەن بەغداوە لە كاتێكدا ئەمە خزمەت بە پرۆسەی سیاسیی عێراق ناكات و نابێتە مایەی دروستبوونی كەشێك بۆ گفتوگۆكردن، لە كاتێكدا ئێمە بەردەوامین لە خەبات و قوربانیدان بۆ دروستبوونی عێراقێكی سەقامگیر و ئارام و ئێستایش لە گفتوگۆی بەردەوامین بۆ ئەوەی بگەیەنە ڕێگا چارەیێك، لە كاتێكدا ئەوەی ئێمە داوای دەكەین و هەوڵی بۆ دەدەین مافێكی سروشتیی خۆمانە كە بمانەوێت سوود لە سەرچاوە سروشتییەكانی خۆمان وەربگرین."

سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتیشی: "هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە هەوڵەكانی بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی لە كاتێكدا وەك پێشتر ئاماژەم پێدا بۆ دواوە ناگەڕێنەوە، لە كاتێكدا ئێستا بارودۆخی ئەوەیە ئێمە لەیەكتر تێبگەین نەك ڕەفتارێك دروست بێت لەسەر بنەمای سیستەمێكی تاكڕەویی مەركەزی بڕیار بدات، بۆ یە لەلای هەرێمی كوردستان ئەو بیرۆكە كۆتایی هاتووە، بۆیە بابەتی گفتوگۆ و لەیەك گەیشتن ئەمانە پرەنسیب و كاری ئێمەن لەگەڵ بەغدا و لایەنە سیاسییەكانی دیكە لە كاتێكدا هیچ كات ئەو پەیوەندیانە لەسەر حیسابی لایەنێكی دیكە نییە."

لەبارەی هەڕشەی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانبەرانەوە نێچیرڤان بارزانی نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەو هەنگاوە و ئاماژەی دا كە بە جیددی نیگەرانن لە بڕینی قوتی خەڵكی كوردستان لەلایەن دەسەڵاتی بەغداوە و وەك كارتێكی گوشار، بۆیە هەست بە نیگەرانی دەكەین لە لایەن بەغداوە بە تاكە كەسی بڕیار لەسەر قوتی خەڵكی كوردستان بدەن بۆیە هەرێمی كوردستان ئەوەی قبووڵ نییە. هاوكات ڕایگەیاند: "ئەوەی ئێمە لە عێراقدا لێی دەترساین ڕووی دا تاكە كەسێك خۆی بڕیاری وەستانی قوتی خەڵكی كوردستان بدات، لە كاتێكدا ئەمە بەپێی یاسا ڕێك خراوە، كە مووچەخۆرانی هەرێم دواجار فەرامانبەری هەموو عێراقن و جیاواز نین، بەڵام كاتێك تاكە كەسێك بڕیار لەسەر نەدانی قوتی خەڵك بدات ئەوە جێگای قبووڵ نییە."

لەبارەی پرسی دوای پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە، نێچیرڤان بارزانی ئەوەی خستەڕوو لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە زۆر لایەن هەوڵیان دا ئەجێندای دەرەكی بەسەر عێراقدا فەرز بكەن، بەڵام ئێمە لە هەرێمی كوردستان هەوڵمان داوە ئەجێندای تایبەتیی خۆمان هەبێت، كە ئەویش خزمەتی خەڵكی عێراق و هەرێمی كوردستانە لە چوارچێوەی عێراقی فرەیی و فیدرالی و دیموكراتی گوتی: "لەگەڵ هەموو ئەم سیاسەتەكە بە لامانەوە گرنگە لە هەمان كاتدا هەوڵمان داوە پەیوەندییەكی باش و تەندروستمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەبێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و هاوكاریكردنی یەكتری."

لەبارەی گفتوگۆكانی 5+1 كە تائێستا بەردەوامی هەیە بۆ چارەسەركردنی قەیرانی چەكی ئەتۆمی لە ئێران و پرسی گرفتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نێچیرڤان بارزنی دەڵێت: "ئێمە پێمان وایە گفتوگۆكانی 5+1 هۆكارێك دەبێت بۆ گەڕانەوەی ئارامی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەردەوامیدان بە چارەكردنی گرفتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست."

لەبارەی پەیوەندیی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئەوەی خستەڕوو كە هەرێمی كوردستان پەیوەندیی باشی هەیە لە گەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران و پەیوەندییەكانیش لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و هاوكاری و تەبایی نێوان دوولایەنە هاوكات پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ وڵاتی توركیا وەك دوولایەنی هاوكار و دراوسێ لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و ئارامی و سەقامیگریی دوولایەنە بۆ خزمەتی سەقامگیریی و برایەتیی هەردوولا بەردەوامی بە پەیوەندییەكانان دەدەین."

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی گرفتەكانی سووریاوە قسەی لەسەر چەند خاڵێك كرد كە دوو بەش بوون بەشێكیان ئەوەی پەیوەندی بە ناوخۆی سووریاوە هەیە بەشێكی دیكە كە بڕیار لەسەر چارەسەنووسی ئەو وڵاتە دەدات گوتی: "گرفتی سووریا بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە دیارە كە چۆن و دەرئەنجامەكانی چۆنن لە كاتێكدا توندوتیژیەكانی ئەو وڵاتە سنووری عاقڵانیەتی تێپەڕاندووە، بۆیە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شێوە شڵەژانێكی پێوەدیارە، بۆیە دەبێت ئێمە هەوڵی ئەوە بدەین نەچینە ژێر ڕكێفی ململانێی هیچ لایەنێك."

گوتیشی: "یەكێكی دیكەی هۆكاری بەردەوامی توندوتیژییەكانی سووریا ئەوەیە كە بڕیارێكی یەكلاكەرەوە لەبارەی ئایندەی ئەو وڵاتەوە نادرێت، لە كاتێكدا هۆكاری ناوخۆی خودی سووریاش لەوانەش لاوازبوونی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە و دەستوەردانی وڵاتانی لە بارودۆخەكە وای كردووە كە ئەو وڵاتە بە ناسەقامگیری بمێنێتەوە."

نیچیرڤان بارزانی ئاماژەی دا كە ئێستا خەڵكێكی زۆر لە سووریا بە هۆی ئەو توندوتیژیانەوە ئاوارەی وڵاتان بوون كە پشكی شێری بەر لوبنان كەوتووە گوتیشی: "لە هەرێمی كوردستان 250 هەزار ئاوارەی سووریای لەخۆ گرتووە، بۆ بەدەستهێنانی هاوكاریی ئەو ئاوارانە حكوومەت هەموو هەوڵێك دەدات و بەردەوام دەبێت لە هەوڵەكانی."

ئەوەشی ڕوون كردەوە ئەو بارودۆخە وای كردووە هەزاران چەكداری تیرۆرستی و شانە تیرۆرییەكان بگەڕێنەوە، لە كاتێكدا ئاماژەی بەو خاڵەدا كە گفتوگۆكانی ژنێڤ دەستی پێكردووە، بەڵام كافی نییە بۆیە دەبێت دەسەڵات بەكار بهێنرێت بۆ یەكلاكردنەوەی بارودۆخی ئەو وڵاتە.

لەبارەی پرسی پێكهێنانی حكوومەتەوە نێچیرڤان بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە ئێستا گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان بەباشی بەڕێوە دەچێت و گوتی: "دەمانەوێت چوار ساڵی داهاتوو سەقامگیریی كوردستان بێت و لایەنەكان بەشداری تەواویان هەبێت لە پێكهاتەی حكوومەت، بۆیە لەگەڵ لایەنەكان لە گفتوگۆی تەواوداین بۆ ئەوەی پێكهێنانی حكوومەت بە شێوەیەكی تەوافوقی بە بەشداریی سەرجەم لایەنەكان بێت و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەرجەم گرفتەكان كە بەرژەوەندیی گەلی كوردستانی تێدا بێت".

تەوەری سێیەمی قسەكانی نێچیرڤان بارزانی پرسیار بوو لەبارەی ئاییندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەوەی ئەجێندای ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆن دەبێت لە كاتێكدا چۆن سیاسەتی خۆگونجاندن پەیڕەو دەكات لەگەڵ سەرچاوەی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆڵی توركیا و ئێران وەك دوو دەوڵەتی یاریكەر لە نێوەندەكەدا چۆن دەبێت.

كارزان هەورامی

 

هەواڵی پەیوەندیدار