٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

پەرلەمانى عێراق دەنگ لەسەر چەند پڕۆژەیاسایەكی پڕمشتومڕ دەدا

سەرچاوە: KDP.info

ئەمڕۆ چوارشەممە 25/7/2012 سەرچاوەیەك لە فراكسیۆنى هاوپەیمانیی كوردستان لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق رایدەگەێنێت: بڕیارە سبەى پێنج شەممە پەرلەمانى عێراق لە 8مین دانیشتنى وەرزی یەكەمی ساڵی سێیەمی یاسادانان دەنگ لەسەر چەند پڕۆژەیاسایەكی پڕمشتومڕ بدا و خوێندنەوەى بۆ هەندێكی تریش بكات.

سەعید رەسوول خۆشناو ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەلیستی هاوپەیمانی كوردستان بە ئاكانیوزى راگەیاندووە: خشتەى كارنامەى كۆبوونەوەى سبەى پەرلەمان هەمان ئەو كارنامەیە كە حەوتووى رابردوو بەهۆى نەبوونى كۆدەنگى لایەنەكان دانیشتنەكان دواخران.

ئاماژەی بەوەشداوە كە سبەى پەرلەمان دەنگ لەسەر هەمواركردنى دووەمى یاساى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگە و شارۆكە و شارەدێكان دەدا، هەروەها دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای هەرسێ دیوانەكانى ئەوقاف شیعە، سونە، ئاینەكانى كریستیانى، ئێزدی و سابیئەى مەندائی" دەدا.

گوتیشى، سێیەم كارنامەى كۆبوونەوەكەى سبەى برێتییە لە دەنگدان لەسەر بڕیارێك كە وەزارەتى كارەبا تواناى چارەسەركردنى كێشەى كارەباى وڵاتی نییە.

هەروەها ناوبراو رایگەیاند كە پەرلەمان خوێندنەوەى یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەى تەواوكاری دەكات، لەگەڵ خوێندنەوەى دووەم بۆ پڕۆژەیاساكانى گەڕانەوەى خاوەنداریەتیی ئەو بەڵگەنامانەى كە بەناوى خوازراوى كۆچبەران و كۆچپێكراوان كراوە، پڕۆژەیاسای وەزارەتى شارەوانى و پڕۆژەیاسای پاسبەندى كشتوكاڵی.


 

هەواڵی پەیوەندیدار