٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئوسامە نوجێفی: ناكرێت بودجە بەبێ كورد تێپەڕێنرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر- KDP.info/سەرۆكی‌ ئەنجوومەنی‌ نوێنەرانی عێراق جەخت لەسەر رێزگرتن لە كورد و پشتگوێنەخستنیان لە پرسی‌ بودجەدا دەكاتەوە و دەشڵێت بڕینی‌ مووچەی‌ فەرمانبەرانی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەلایەن حكوومەتی‌ عێراقەوە كێشەكانی‌ نێوان بەغدا و هەولێری‌ ئاڵۆزتر كردووە.

سەرۆكی‌ ئەنجوومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراق، ئوسامە نوجێفی‌، لە كۆنگرەیەكی‌ رۆژنامەوانیدا لە تەلاری‌ ئەنجوومەنی‌ نوێنەران، رایگەیاند پرۆژەیاسای‌ بودجە یاسایەكی‌ گرنگە و ئەنجوومەنی‌ نوێنەران گرنگی‌ بە پەسەندكردنی‌ دەدات، بەڵام یاساكە نزیكەی‌ سەد رۆژ درەنگتر گەیشتووەتە پەرلەمان و كێشەی‌ زۆریشی‌ تێدایە.

نوجێفی گوتیشی‌ دەستەی‌ سەرۆكایەتیی‌ پەرلەمان كۆك نییە لەسەر بودجە و جێگری‌ دووەمی‌ سەرۆكی‌ ئەنجوومەن دانانی‌ پرۆژەیاسای‌ بودجە لە بەرنامەی‌ كاری‌ ئەنجوومەنی نوێنەران رەت دەكاتەوە، ئاماژەی‌ بەوەشدا كە بە گوێرەی‌ پەیڕەوی‌ ناوخۆی‌ ئەنجوومەن دەبێت دەستەی‌ سەرۆكایەتی‌ بە رێككەوتن پرۆژەیاساكان بخاتە بەرنامەی‌ كارەوە.راشیگەیاند كە بودجەی‌ گشتیی‌ عێراق، پێویستی‌ بە تەوافوقی‌ سیاسییە نەك پەنابردن بۆ تێپەڕاندنی‌ بە زۆرینە و روونیشی كردەوە كە گەلی‌ كورد بەشێكی‌ گرنگی‌ گەلی‌ عێراقن و پێویستە رێزیان لێ بگیرێت و بازدان بەسەریاندا هەڵەیە و نابێت ئەو هەڵەیە بكرێت.

 سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكراشی كرد كە ناكۆكییەكانی‌ نێوان حكوومەتی‌ عێراق و حكوومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان بەردەوامە و بڕینی‌ مووچەی‌ فەرمانبەرانیش زیاتر كێشەكەی‌ ئاڵۆز كردووە.

ن. جەبەلی

 

هەواڵی پەیوەندیدار