٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

به‌رنامه‌ی تواناسازیی گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت

سەرچاوە: Hewler

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی د. عەلی سەعید لە كۆنگرەیەكی زۆژنامەوانیدا ئاماژەی دا كە ئەمساڵ وەزارەتەكەیان نزیكەی 30 هەزار و 500 تا 30 هەزار و 600 قوتابی وەردەگرێت و بۆ ئەوەیش هەوڵیان داوە كە 28 بەشی نوێ و دوو كۆلێژ لەسەر ئاستی هەرێم بكرێتەوە و لە هەمان كاتیشدا 9 زانكۆی ئەهلی و دوو لقی زانكۆی دیكە هەن كە 6 تا 7 هەزار قوتابی وەردەگرن.

وەزیری خوێندنی باڵا، ڕوونیشی كردەوە كە ئەمساڵ وەرگرتن بە هەمان شێوەی ساڵانی رابردوو لە رێگەی ناوەندی وەرگرتنی قوتابیان و بە شێوەی زانكۆلاین لەسەر ئینتەرنێت دەبێت و دەرچووانی ساڵانی رابردوویش دەتوانن بەشداری بكەن و بە كۆنمرەكەی خۆیان بۆ وەرگرتنیان كێبەركێ بكەن.

بە گوتەی وەزیری خوێندنی باڵا، ئەمساڵ ئەو قوتابیانەی كە دەیانەوێت لە بەیانیان دەوان بكەن، دەبێت تەمەنیان لە 30 ساڵ زیاتر نەبێت و بۆ خوێندنی ئێوارانیش لە 35 ساڵ زیاتر نەبێت و بۆ خوێندنی هاوتەریب كە پێی دەگوترێت پارالێل لە 40 ساڵ زیاتر نەبێت، بەڵام ئەو قوتابییەی كە بە تاقیكردنەوەی دەرەكی دەردەچێت، ئەگەر كۆنمرەكەی لە 85 بەرەوسەرەوە بێت، ئەوا تەمەن شمولی ناكات.

سەبارەت بە مەسەلەی پەڕینەوە عبوورـیش، وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی دا كە ئەو بەشانەی كە ساڵانەن یەك وانە و ئەوانەی وەرزین دوو وانە هەیە.

بە گوتەی د. عەلی بڕیاریان داوە بۆ ئەمساڵیش ئەو قوتابیانەی كە لە ساڵی خوێندنی 2009-2010 و 2010 -2011 تەرقین قەید كراون، ئەمساڵ دەتوانن دەوام بكەن، بە مەرجێك كەوتنەكەیان بە هۆی غەش و بڕیاری لیژنەی ئینزیباتی نەبووبێت.

وەزیری خوێندنی باڵا، گوتیشی كە بۆ ئەمساڵ لە هەموو هەرێمی كوردستاندا پڕۆژەیان هەیە كە دوو جۆرن، پڕۆژەی بەردەوام و ئەو پڕۆژانەی كە لە قۆناغی تەندەركردندان، ئێستایش لە 28 پڕۆژەیان هەیە كە خەرجییەكەی147 ملیار و 289 ملیۆن دینارە، ئەمە جگە لە پڕۆژەی كەمپی زانكۆی سلێمانی كە بەدەرە لەوە و 305 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان كراوە.

لە پارێزگای هەولێر 26 پڕۆژەیان هەیە كە خەرجییەكەی 106 ملیار و 51 ملیۆن دینارە. لە پارێزگای دهۆكیش 24 پڕۆژەیان هەیە كە 71 ملیار 153 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان كراوە و كۆی گشتییشی بریتییە لە 325 ملیار و 153 ملیۆن دینار.

سەبارەت بە پڕۆسەی تواناسازییش، وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی دا كە تاكو ئێستا 3 خول بڕیاری لەسەر دراوە و كۆی گشتیی ئەوانەی وەرگیران، 4351 كاندیدن كە 2220ـیان گەشتیان كردووە و لەمانەیش 1474 بۆ ماستەر و 726 كاندیدیان بۆ دكتۆرا بووە.

بە گوتەی وەزیری خوێندنی باڵا، ئەو وڵاتانەی قوتابیانی تواناسازی گەشتیان بۆ كردووە، بریتین لە گرووپی یەك كە وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریكا و كەنەدا و ئوسترالیا و ژاپۆن و كۆریای باشوور و گرووپی دوویش مالیزیا و توركیا و هیندستان و چین و میسر و ئێرانن و هەرخوێندكارێكیش بۆ وڵاتانی گرووپی یەكەم بچێت ئەگەر بۆ دكتۆرا بێت تاكو دكتۆرا تەواو دەكات 210 هەزار و 600 دۆلار تا 251 هەزار و 600 دۆلاری تێ دەچێت. هەروەها بۆ گرووپی دووەمیش بۆ دكتۆرا 110 و بۆ ماستەریش 60 هەزار دۆلار تێچووەكەیەتی.

بە گوتەی د. عەلی ئەوان دەیانەوێت بۆ لەمەولا كۆرسی زمان لێرە بكەنەوە و قوتابی ئامادە بكەن كە ڕۆییشتە ئەو وڵاتە، راستەوخۆ دەست بە خوێندن بكات. وەزیری خوێندنی باڵا، گوتیشی كە بۆ 6 مانگ كۆرسی زمان 10 هەزار دۆلار و بۆ كۆرسی ئەكادیمییش لە 20 هەزارەوە بۆ 40 هەزار دۆلارە بۆ ساڵێك.
 

هەواڵی پەیوەندیدار