هەر كاندیدێك لە پرۆسەی هەڵبژاردن كارتی دەنگدان بکرێت دوور دەخرێتەوە

عێراق - KDP.info/كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردەكانی عیراق جەخت دەكاتەوە لەوەی هەر كاندیدێكی هەڵبژاردن كارتی ئەلیكترۆنی دەنگدان بكڕێت لە پرۆسەكە دوور دەخرێتەوە.
گوتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردەكان، سەفا مووسەوی، رایگەیاند، لەپێناوی ئەوەی هەڵبژاردنێكی شەفاف و پاك و دوور لە ساختەكاری بەڕێوە بچێت، كۆمسیۆن كارتی دەنگدانی ئەلیكترۆنی چاپ كردووە.
مووسەوی لەلێدوانێكیدا بۆ سایتی كۆمسیۆن ڕایگەیاندووە: ئەنجوومەنی كۆمسیاران بەیاننامەیەكی بۆ رەتكردنەوەی ساختەكاری و یاریكردن بە كارتی ئەلیكترۆنی دەركردووە و ئاماژەی داوە، كارتەكە بەڵگەنامەیەكی گرنگە بۆ دەنگدەر و رێگە بە هیچ دەنگدەرێك نادرێت بەبێ ئەو كارتە دەنگ بدات.
گوتیشی: كۆمسیۆن رێوشوێنی توند لە دژی هەر فەرمانبەرێكی دەگرێتە بەر ئەگەر سەلمێنرا كارتی ئەلیكترۆنی شاردووەتەوە یان فەوتاندوویەتی، سزاكەیشی دەگاتە ئاستی دەركردن لە كارەكەی.
گوتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردەكان ئاماژەیشی دا، كۆمسیۆن هەڵدەستێت بە دوورخستنەوەی هەر كاندیدێك لە پرۆسەی هەڵبژاردن كە سەلمێنرا كارتی دەنگدانی كڕیوە یان هەوڵی داوە كارتەكە بفەوتێنێت و كۆمسیۆن لە رێگەی چەند تیمێكەوە راستەوخۆ چاودێریی ئەو بابەتە دەكات و لەپێناوی شەفافی و بێگەردیی هەڵبژاردنەكە هەموو رێوشوێنێك دەگرێتە بەر.
ك.ع




