هاوپەیمانیی كوردستانی: ئاوی بەنداوەكان نەگیراونەتەوە و بیریشی لێ نەكراوەتەوە

بەغدا- KDP.info/ هاوپەیمانیی كوردستانی ڕەتی دەكاتەوە ئاوی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان كە بۆ ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عیَراق دەڕۆن گرتبێتەوە و، ڕایشیدەگەیەنێت كە، هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک بیری لە شتێكی لەو شێوەیە نەكردووەتەوە.
گوتەبێژی فراكسیۆنی هاوپەیمانیی كوردستان، موئەیەد تەییب، لە لێدوانێكیدا بۆ KDP.info رایگەیاند، هەرێمی كوردستان ئاوی بەنداوەكانی نەگرتووەتەوە كە بۆ ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عیَراق دەڕوات و هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک بیری لە شتێكی لەو شێوەیەیش نەكردووەتەوە، چوونکە ئەم جۆرە کارانە دوورن لە خواست و ویستی بەرپرسانی کوردەوە.
گوتەبێژی فراكسیۆنی هاوپەیمانیی كوردستان ئەوەیشی راگەیاند: "ئێمە گلەیی لە حکوومەتی نووری مالیکی دەکەین کە برینی مووچەی فەرمانبەران و قوتی خەڵکی تێکەڵ بە سیاسەت کردووە، چۆن ئێمە هەمان کار بەرامبەر هاووڵێتیانی عیَراق دەکەین."
گوتیشی: "ئەم قسانە ناڕاستن کە گوایە هەرێمی کوردستان ئەو كارەی كردووە لەبەرانبەر بڕینی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە ئاوی بەنداوەكانی گرتووەتەوە."
تەییب جەختی كردەوە كە، هەرێمی كوردستان سوورە لەسەر پاراستنی بەرژەوەندیی هەموو هاووڵاتیانی عێراق، لەنێویشیاندا بەرژەوەندیی گەلی كوردستان، هەوڵیش دەدات بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی لەگەڵ ناوەند لەسەر بنەمای دەستوور و پێكەوەژیانی ئاشتیانەی عیَراقییەكان.
ك.ع




