لە مانگی رابردوودا لە عێراق زیاتر لە 700 كەس كوژراون

عێراق - KDP.info/ نوێنەری تایبەتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ڕایگەیاند بەهۆی توندوتیژییەكانی مانگی 2 لە عێراق 703 كەس كوژراون، ئەمە جگە لە كوژرانی چەكدارانی گرووپی تیرۆریستیی داعش و یاخیبووان و ئەو كەسانەی كە لە توندوتیژییەكانی هەرێمی ئەنبار كوژراون.
بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق 564 سیڤیلی و 139 ئەندامی هێزەكانی ئاسایش كوژراون؛ هاوكات 1381 عێراقی كە 1179 یان كەسانی سیڤیلین لە ماوەی ئەو مانگەدا بریندار بوون.
زۆرترین كردەوە توندوتیژییەكانیش لە بەغدای پایتەخت بووە كە 239 كەسی تێدا كوژراوە و پاشان پارێزگای سەلاحەددین 121 كەسی تێدا كوژراوە و دوای ئەویش نەینەوا 94 كەس.
نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان نیكۆلای ملادینۆڤ داوا لە عێراقییەكان دەكات ڕێك بكەون تا بتوانن توندتیژییەیكان ڕاگرن. مالادینۆڤ رایگەیاند ئەركی دەستبەجێی ڕێبەرانی سیاسی، كۆمەڵگا و ئایینیی عێراق ئەوەیە یەك بگرن بەرامبەر تیرۆرستان كە وڵاتەكە ڕووبەڕووی بووەتەوە.
ئەو دەڵێت تەنها بە پێكەوە كاركردن عێراقییەكان دەوانن ئەو توندوتیژییانە چارە بكەن و كۆمەڵگایەكی دیموكراسی دروست بكەن كە تیایدا یاسا سەروەر بێت و مافەكانی مرۆڤ بپارێزرێت.




