تاوەكو ئێستا %40ـی كارتی دەنگان لە هەولێر دابەش كراوە

هەولێر- تایبەت بە KDP.info / چەند هەفتەیەكە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان لە رێگەی بنكەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكانەوە دەستكراوە بە دابەشكردنی كارتی دەنگدان بەسەر هاووڵاتیان و بەپێی گوتەی بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنیش، لە هەولێر %40ـی كارتەكان لەلایەن هاووڵاتیانەوە وەرگیراوەتەوە، بەڵام پێشبینیی بەرزبوونەوەی رێژەكە دەكرێت.
بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان، هەندرێن محەممەد، لە لێدوانێكیدا بۆkdp.infoگوتی: چەند هەفتەیەكە دەستمانكردووە بە دابەشكردنی كارتی دەنگدان بەسەر هاووڵاتیان لە رێگەی ئەو بنكانەی كە بۆ ئەو مەبەستە لە شار و شارۆچكەكان تەرخان كراوە، بەڵام تاوەكو ئێستا تەنیا لە %40ـی كارتەكان لەلایەن هاووڵاتیانەوە وەرگیراوەتەوە.
هەندرێن محەممەد گوتیشی: تاوەكو ئێستا كارتی دەنگدان تەنیا بە ئەو كەسانە دەدرێت كە بەشداری لە دەنگدانی گشتی دەكەن، بۆیە پێشبینی دەكرێت دوای ئەوەی كارتەكان بەسەر هێزەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە و ئەو كەسانەی لە دەنگدانی تایبەتدا دەنگ دەدەن دابەش دەكرێت، رێژەكە بەرز ببێتەوە؛ هەروەها چەند رۆژێكە ژمارەی بنكەكانمان لە گوند و ناحیە و قەزاكان زیاد كردووە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان ئاسانتر بتوانن كارتەكانیان وەربگرنەوە.




