بە فەرمانی (نێچیرڤان بارزانی) سزادراوانی سیاسی بۆ سەر كارەكانیان دەگەڕێنەوە

بە بڕیاری سەرۆكایەتیی هەرێم و بە واژۆی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) سزادراوانی سیاسی لە ماوەی مانگێكدا دەگەڕێنەوە سەر كارەكانی خۆیان و ماف و پلەكانیشیان دەپارێزرێت.
سەبارەت بە گەڕاندنەوەی سزادراوانی سیاسی بۆ سەر كارەكانیان، پێشتر چەند بڕیارێك لە لایەن سەرۆكایەتیی هەرێم و ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەرچوون، بەڵام بە گوتەی پەرلەمانتارێكی گۆڕان، لە خوارەوە كەمتەرخەمی لە جێبەجێكردنیدا هەبووە.
پەرلەمانتاری فڕاكسۆنی گۆڕان و ڕێكخەری فڕاكسیۆن لەگەڵ حكوومەت (پەیام ئەحمەد) بە "هەولێر"ـی ڕاگەیاند كە جگە لەوەی لە سەرۆكایەتییەكان نووسراو بۆ گەڕاندنەوەی سزادراوانی سیاسی بۆ سەر كارەكانیان دەرچووە، لە وەزارەتەكانیشدا نووسراوی جەختكردنەوە دەرچووە، بەڵام لە خوارەوە بە باشی جێبەجێ نەكراوە، هەر بۆیەیش لە كابینەی حەوتەمدا و لە (30\4\2012) بە نووسراوی ژمارە (1606) و (1608) و (1609) و بە واژۆی سەرۆكی حكوومەت (نێچیرڤان بارزانی) جەخت لەوە كراوەتەوە كە دەبێ لە ماوەی مانگێكدا سەرجەم سزادراوانی سیاسی بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان و ماف و پلەوپایەكانیان بپارێزرێت.
هاوكات سەبارەت بە میكانیزمی گەڕاندنەوەی سزادراوان بۆ سەر كارەكانیان، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران (محەممەد قەرەداغی) بە "هەولێر"ـی ڕاگەیاند كە لەسەر فەرمانی سەرۆكی حكوومەت سەرجەم داواكارییەكان بۆ وەزارەتەكان گشتێندراون و پێویستیشە لە ماوەی مانگێكدا هەموویان بگەڕێنەوە سەر كارەكانی خۆیان.
ئەو گوتیشی كە سزادراوان دەبێ سەردانی شوێنی پێشوویان بكەن، بۆ ئەوەی وردبینییان بۆ بكرێت. (محەممەد قەرەداغی) ڕوونیشی كردەوە كە ئەو كەسانەی بۆ نموونە بەڕێوەبەری نووسینگە بوون و لە ئێستادا شوێنەكەیان گیراوە، ئیمتیازاتی بەڕێوەبەری نووسینگەیەك وەردەگرن تا ئەو كاتەی پۆستەكەی خۆیان لە مەكتەبێكی دیكە وەردەگرنەوە.
سەبارەت بە ڕێگرتن لە كەمتەرخەمییەكانیش، پەرلەمانتار (پەیام ئەحمەد) گوتی كە بە پێی نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەو كەسانەی كارەكانیان بۆ جێبەجێ ناكرێت، لە ماوەی ئەو یەك مانگەدا ڕاپۆرتی خۆیان پێشكەشی لیژنەی پێوەندیدار بكەن و ناوی ئەو بەرپرسەیش بنووسن كە كەمتەرخەم بووە و كارەكانی ڕانەپەڕاندووە.




