عوسمان ئۆجەلان: كورد لە رێگای بارزانییەوە ئاشنای شۆڕش بوو

بارزان - تایبەت بە KDP.info/ لە یادی 35ساڵەی كۆچی دوایی باوكی رۆحی نەتەوەی كورد بارزانیی نەمر و لەسەر مەزاری نەمران، كەسایەتیی سیاسیی ناسراوی باكووری كوردستان، عوسمان ئۆجەلان ڕایگەیاند كە، كورد لە رێگای بارزانییەوە ئاشنای شۆڕش بوو.
پاش بەخێرهێنانی ژمارەیەكی زۆر لە چین و توێژەكانی هەرێمی كردستان و باكوورو باشوورو رۆژهەڵات كە سەردانی مەزاری نەمرانیان لە بارزان كرد،خەڵات بارزانی نوێنەری سەرۆك بارزانی وتەیەكی پێشكەش كرد و سوپاسی سەرجەم چین و توێژ و پێكهاتە و لایەنە سیاسییەكانی كرد كە لە 35ـین ساڵوەگەری كۆچی دوایی بارزانیی نەمردا سەردانی مەزاری نەمریان كردووە.
دواتر دكتۆرعەلی تەتەر ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی و بەرپرسی لقی 10ی پارتی دیموكراتی كوردستان وتەیەكی پێشكەش كرد و دوابەدوای ئەویش كەسایەتیی سیاسیی ناسراوی باكووری كوردستان عوسمان ئۆجەلان، لە وتەیەكی ئاماژەی بە ڕۆڵی پڕسەروەری بارزانیی نەمر لە بزاڤی رزگاریخوازیی گەلی كورد كرد و رایگەیاند كە كورد لە رێگای بارزانی ئاشنای شۆڕش بوو.
دوابەدوای ئەمەش چین و توێژەكان بەجیاجیا كەپێك هاتبوون لە ژمارەیەك گەنجانی رۆژئاوا لە كەمپی قوشتەپە و ژمارەیەك لاو و پیری نیشتەجێی كەمپی باسرمە و ژمارەیەكی زۆر لە ئاوارەكانی كەمپی دارەشەكران، كە بۆ ماوەی 3 رۆژ بە پیادە رۆیشتن بەرێكەوتبوون گەیشتنە سەرمەزاری نەمران لە بارزان.
دواتریش جەماوەرێكی بەرفراوانی سنووری لقی دەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سۆران و رواندز و لقی 26ی پارتی دیموكراتی كوردستان و ژمارەیەكی زۆر لە جەماوەری باڵەكایەتی و هەروەها چین و توێژەكانی دیكەی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان و كەسایەتی و لایەنە سیاسییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی سەردانی مەزاری نەمرانیان لە بارزان كرد و لەلایەن نوێنەری سەرۆك بارزانی پێشوازییان لێكرا، دوای دانانی تاجەگولینەو خوێندنەوەی سورەتی فاتیحە ژمارەیەكی زۆر وتار پێشكەش كران كە تیایاندا سۆز و پەیمان و رێز و وەفادارییان بۆ رێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمر دووپات كردەوە.
ن.ج




