تەنیا لە مانگی رابردوو 32 کەس لە دار دراون

عێراق - KDP.info/ وەزیری دادی عێراق جێبەجێكردنی سزای لەداردانی بەسەر 6كەسی دیکە راگەیاند. هاوکات رێكخراوەكانی داكۆكیكار لە مافەكانی مرۆڤ بە هۆی بەردەوامبوونی جێبەجێكردنی سزای لەداردان چەندین جار رەخنەیان ئاراستەی حكوومەتی عێراق كردووە و داوایان كردووە ئەو سزایە رابگیرێت.
حەسەن شەممەری، وەزیری دادی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: سزای لەداردان بەسەر 6كەس جێبەجێ كراوە، كە لەسەر دۆسیەی تیرۆر دەستگیر كرابوون. هاوکات لە مانگی رابردووش 26كەس دیکەی بەهەمان تاوان لەدار درابوون، لەبەرامبەردا بان كی مۆن سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای كرد عێراق سزای لەداردان هەڵگرێت.
لەلایەکی دیکەوە لیژنەی مافی مرۆڤی عێراق، رەخنەی لە وەزارەتی داد گرت، سەبارەت بە لەداردانی گیراوانی عێراق، كە سەرەڕای ناڕەزایی رێكخراوە بیانی و نێوخۆییەكانی مافی مرۆڤ، وەزارەتی داد بەردەوامە لە جێبەجێكردنی ئەو سزایە.تا ئێستاش لە عێراقدا كار بە جێبەجێكردنی سزای لەداردان دەكرێت، هەرچەندە لەسەردانی ئەم دواییەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەغدا داوای كرد عێراق سزای لەداردان هەڵگرێت، بەڵام مالیكی ئەو داوایەی بان كی مۆنی ڕەت كردنەوە.
ک.ع




