دیندار زێباری: وەڵامی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەداتەوە

بەغدا- تایبەت بەKDP.info/دوای ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ڕاپۆرتی ساڵانە خۆی سەبارەت بە رەوشی مافی مرۆڤ لە جیهان بە شێوەیەكی گشتی بڵاو كردەوە و وەك هەر جارێك لە بەشێكیدا باسی لە رەوشی مافی مرۆڤ لە عێراق كردووە و ئاماژەیەك بە رەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان دەكات، د.دیندار زێباری سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی ئاماژە و تێبینییەكانی ئەم ڕاپۆرتە دەداتەوە.
د.دیندار زێباری لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا راگەیاند، "دیارە ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە بەشێكیدا بە شێوەیەكی گشتی باسی لە رەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان كردووە و بەتایبەتی رەوشی رۆژنامەنووسان و رەوشی بەندیخانە و گیراوەكان و كەمەنەتەوە و ئایینەكان.
زێباری سەبارەت بە تێنینییەكانی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەربارەی رەوشی رۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند "لە ساڵی 2007 وە یاسای ژمارە 35 ی تایبەت بە كاری رۆژنامەنووسی و رۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستان دەرچووە و ئێستا لە هەرێم كاری پێ دەكرێت و ئەگەر ڕاپۆرتی لیژنەی داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنووسان لە هەرێم بۆ هەر دوو ساڵی 2012 و 2013 بكەینە پێوەر، پێشێلكاری لە دژی رۆژنامەنووسان لە ساڵی 2013 بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2012 كەمی كردووە نەك زیادی كردبێت، چونكە لە ساڵی 2012دا ژمارەی ئەو پێشێلكاریانەی تۆمار كراون (63) پێشێلكاری بوون، بەڵام لە ساڵی 2013 تەنها (47) پێشێلكاری هەبووە، هەروەها بۆ هەمان مەبەستیش وەزارەتی ناوخۆ بە هاوبەشی لەگەلأ سەندیكای رۆژنامەنووسان لیژنەیەكی تایبەتی پێكهێناوە و كاری ئەم لیژنەیە بەدواداچوونی ئەو پێشێلكاریانەیە كە لە دژی رۆژنامەنووسان ئەنجام دەدرێت.
هەروەها بەپێی داتاكانی وەزارەتی رۆشەنبیری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئێستا لە هەرێم نزیكە 800 دەزگای میدیای هەیە و كار دەكات و بەپێی زانیارییەكانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان ئەم سەندیكایە نزیكەی 7000 حەوتهەزار ئەندامی هەیە، هەڵبەتە هەبوونی ئەم ژمارە زۆرە لە میدیا و رۆژنامەنووسان بەلگەیەكی روونە بۆ سەڵماندنی هەبوونی فەزایەكی ئازاد لە هەرێمی كوردستان بۆ كاری راگەیاندن و را دەربڕین. بەڵام زۆر جاریش هەبووە كە رۆژنامەنووس لە كاری پیشەیی خۆی دەرچووە و بووە بە مەترسی لەسەر ئاسایشی هەرێم.
سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی ڕاپۆرتەكانی نێودەوڵەتی ئەوەشی خستەروو كە زۆر جار رۆژنامەنووس خۆی لە كاتی ئەنجامدانی پێشێلكاری دەرهەقی سكاڵای تۆمار نەكردووە و دوای بەدواداچوونی دەزگاكانی پەیوەندیداری حكوومەتی هەرێم پێشێلكارییەكان دەركەوتووە و حاڵەتیش هەبووە، هاووڵاتیان سكاڵایان لە دژی رۆژنامەنووسان تۆمار كردووە، چونكە خۆی سەرپێچیی مافی هاووڵاتیانی كردووە.
هەروەها بەپێی داتاكانی بەرێوبەرایەتیی ئاسایشی گشتی، هیچ رۆژنامەنووسێك بە بێ فەرمانی دادگا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیر نەكراوە.
هەر بۆ بەدواداچوون لەسەر پرسی خۆپیشاندان لە هەرێم، سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی ڕاپۆرتەكانی نێودەوڵەتی راگەیاند "لە هەرێم یاسای ژمارە (11) كە لە ساڵی 2010 لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچووە تایبەتە بە خۆپیشاندان و سەرەرای ئەم یاسایە وەزارەتی ناوخۆ هەڵستاوە بە دەركردنی چەندین رێنمایی تایبەت بە خۆپیشاندان و چونیەتیی هەڵسووكەوتی دەزگاكانی ئەمنی و پۆلیس لەگەڵ خۆپیشاندەران و هەردوو رێنمایی (6و7) تایبەتە بە رێگریكردن لە بەكارهێنانی هێز لە دژی خۆپیشاندەران و پێشێلكردنی مافی خۆپیشاندەران لەلایەن هەر لایەنێك لەسەر هەر ئاستێك بێت ئەوا بەپێی یاسای ناوبراو ئەم لایەنە سزا دەدرێت.
سەبارەت بە ئەشكەنجەدان لە بەندیخانەكانی هەرێمی كوردستان د.دیندار زێباری گوتی "لە هەرێمی كوردستان كار بە یاسای ژمارە (111) ی ساڵی 1969 دەوڵەتی عیراقی دەكرێت كە ئەشكەنجەدانی بەندكراوان قەدەغە دەكات و بەتاوان دەناسێت و ئەگەر حاڵەتێكیش لە بەندیخانەیەكی هەرێم رووی دابێت تەنها هەڵسووكەوتی كەسی بووە و سەرپێچكار سزادراوە، هەروەها جگە لەمە هەر كەسێك لە هەرێم ئەگەر گیرا بێت یانیش بگیرێت لە ماوەی (24) كاتژمێردا دادوەر بڕیاری ئازادكردنی یانیش درێژكردنەوەی ماوەی گیراوی دەدات و هەندێك جاریش لەبەر هەبوونی مەترسی لەسەر ژیانی گیراو دادوەر بۆ بەرژەوەندی ئەم راگیراوە بڕیاری ئازادكردنی نادات، لەگەڵ ئەمەشدا وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشتر زانیاری پێویست لەسەر ئەم بابەتە بەلایەنە نێودەوڵەتییەكان و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا داوە و بەڵگەی پێویست لەسەر سزادراوانی ئەم بوارە پێیان داوە، بۆیە پێویست بوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە ڕاپۆرتەكەیدا ئەگەر حاڵەتێكی وا رووی داوە ئاماژەی پێی كردبا نەك بەشێوەیەكی گشتی باس بكات.
هەروەها ئەوەشی راگەیاند "نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق (یونامی) لەدواڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە مافی مرۆڤ لەعیراق رادەگەینێت كە سەردانی (53) بەندیخانە لە هەرێمی كوردستان كردووە و چاوی بە نزیكەی (400) بەندكراوی پیاو و ئافرەت و منداڵ كەتووە و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە دەرگاكانی بەندیخانەكانی هەرێم بۆ لایەنە نێودەوڵەتییەكان واڵایە و ئاگاداری رەوشی بەندكراوانن.
سەبارەت بە دواكەوتنی دادگای گیراوەكان لە هەرێم د.دیندار زێباری گوتی "حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ نەهێڵانی ئەم كێشەیە ژمارەی دادوەران و داواكاری گشتی زیادی كردووە و لە مانگی ئازاری ساڵی 2013 ئەنجوومەنی دادوەری 40 داواكاری گشتی لە هەرێم لەگەڵ ژمارەیەكی تری دادوەر دامەزراندووە بەمەبەستی خێرا راپەراندنی پەراوی راگیر و گیراوەكان لە هەرێمی كوردستان.
دەربارەی پێكهاتەی دەزگاكانی ئەمنی لە هەرێمی كوردستان زێباری راگەیاند "بە پێی یاسایەكی تایبەت كە لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچووە، هەموو پێكهاتەكانی ئەمنی لە هەرێم لەژێر سێبەری ئاژانسی پاراستنی هەرێمی كوردستان كار دەكان و هیچ دەزگایەكی ئەمنی لە دەروەی سنووری ئەم ئاژانسەدا لە هەرێم نییە و كار ناكات.
سەبارەت بە رەوشی كەمەنەتەوە و ئایینەكان لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم زێباری گوتی "لە هەرێمی كوردستان گیانی پێكەوە ژیان و ئازادی پێكهاتەكان لە هەموو بوارەوە هەیە و هیچ فشارێك یان هەرەشەیەك لە كەمەنەتەوە و ئایینەكان نییە بە پێچەوانەوە هەرێمی كوردستان بووتە پەناگەیەكی ئارام بۆ هەموو كەمەنەتەوە ئایینەكان لە عێراق لەلایەك و پەناگەیەكی ئارام بۆ هاووڵاتیانی تری عەرەب لە باشوور و ناوەراستی عێراق لەلایەكی ترەوە كە بەهۆی توندوتیژی و تیرۆر و تێكچوونی باری ئەمنی بە هەزاران هاووڵاتی عەرەب بۆ پاراستنی گیانی خۆیان روویان لە هەرسێ پارێزگای هەرێمی كوردستان كردووە. لە هەرێمی كوردستان كەمەنەتەوە و ئایینەكان جگە لە بەشداریكردنیان لە پرۆسەی سیاسی و بەرێوەبردنی وڵات و كاری سیاسی رۆژانە لە بواری تر بۆ نموونە لە بواری پەروەردە بەپێی داتاكانی وەزارەتی پەروەردە، تەنها لە شاری هەولێر 44 قوتابخانە بنەرەتی و ئامادەیی بەزمانی عەرەبی و توركمانی و سریانی هەیە و 56 قوتابخانەی دیكە لە ناوچەكانی حەمدانیە و بەرتلە و تلكیف و قەرەقۆش و ئەلقۆش بە زمانی سریان هەیە و لە پارێزگای دهۆكیش دەستەیەكی تایبەت لە بەرێوبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی دهۆك هەیە كە سەرپەرشتی خوێندنی ئایینی ئێزدی لە ناوچەكانی دهوك و مووسڵ دەكات، هەروەها لە هەرێمی كوردستان هێچ تاكێكی كەمەنەتەوە ناچار نەكراون كە بە زمانی كوردی بخوێنێت یان لە رووی سیاسییەوە هیچ كەسێك بۆ مەبەستێكی سیاسی لەسەر بنەمایی كەمەنەتەوە دەستگیر نەكراوە، هاووڵاتیانی كەمەنەتەوە و ئایینەكانی تر بەهەمان شێوەی هاوڵاتیانی كورد پەیرەوی هەموو مافێكی خۆی دەكەن و لەبەرامبەر یاساش هەموو كوردستانییەكان یەكسان بە بێ جیاوازی.
لە كۆتاییدا د.دیندار زێباری سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی ڕاپۆرتەكانی نێودەوڵەتی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان جەختی لەوە كردەوە كە لیژنەی ناوبراو بە شێوەیەكی وردتر و بەرفراونتر وەڵامی ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە داهاتوودا دەداتەوە.




