هەواڵگری بەریتانیا: لە دوای 11ی سیپتەمبەر چەکدارەکانی سووریا گەورەترین هەڕەشەن

لەندەن - KDP.info/ هەواڵگری بەریتانیا ئاماژە دەدات کە، لە دوای رووداوەکەی 11ی سیپتەمبەری رابردوو، گەورەترین هەڕەشە رووبەرووی بەریتانیا و ئەورووپا ببێتەوە، گەڕانەوەی ئەو چەکدارە ئیسلامییە توندڕەوانەیە کە ئێستا لە سووریا دەجەنگن.
چارلز فاری سەرۆکی دەزگای ئەمن و نەهێیشتنی تیرۆر لە بەریتانیا بە پرێس تیڤی راگەیاندووە: گەورەترین مەترسی لەسەر بەریتانیا و جیهان پەرەسەندنی کرداری تیرۆریستیە، ئەویش دوای تەواوبوونی جەنگی سووریا و گەرانەوەی ئەو چەکدارانە دەبێت بۆ ئەو شوێنەی کە پێشتر لێوەی هاتوون. بەپێی زانیارییەکانی بەردەست بەشیک بەرچآوی ئەوچەکدارانەیش لە ئەورووپاوە چوونەتە سووریا.
سەرۆکی دەزگای ئەمن و نەهێیشتنی تیرۆر لە بەریتانیا ئەوەیشی ئاشکرا کرد: بۆ رێگگرتن لە دووبارەبوونەوەی رووداوەکەی 11ی سیپتەمبەر ورووداوەکانی لەندەن، ئەوان هەر لە ئیستاوە کار لە پێناو رێگرتن و ناسینی ناسنامەی ئەو کەسانە دەکەن کە ئێستا لە گرووپە چەکدارە توندڕەوەکانی ئیسلامی لە سووریا لە دژی رژێمی بەشار ئەسەد شەڕ دەکەن.
چارلز فار ئەوەش ئاشکرا دەکات کە، دەزگاکەیان گومان دەکات لە دوای تەواوبوونی جەنگی سووریا، ئەو چەکدارانە بە ئەنجامدانی کرداری تیرۆریستی بەرەیەکی جەنگ لە ئەورووپا و بەریتانیا بکەنەوە.




