تا ئەمڕۆ بەرمیلێك لەو نەوتەی رەوانەی توركیا كراوە، نەفرۆشراوە

هەولێر - KDP.info/ حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشکرای دەکات، چاوەڕوانی وەڵامی حكوومەتی بەغدان سەبارەت بە فرۆشتنی نەوتی كوردستان لە رێگای توركیاوە.
گوتەبەێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەفین دزەیی، بە ئاژانسی ئانادۆڵی راگەیاندووە كە، بۆ فرۆشتنی ئەو نەوتەی هەرێمی كوردستان لە توركیاوە رەوانەی بازاڕە جیهانیەكانی دەكات چاوەڕوانی وەڵامی حكومەتی فیدراڵی عێراقن.
دزەیی گوتیشی، تا ئەمڕۆ بەرمیلێك لەو نەوتەی رەوانەی توركیا كراوە، نەفرۆشراوە و هیچ بڕیارێكیش دەرنەكراوە، چونكە فرۆشتنی ئەو نەوتە بەندە بە رێككەوتنی هەولێر و بەغداوە.
ئاشكراشی كرد، دواجار كە دوو هەفتە لەمەوبەر بەرپرسانی هەولێر و بەغدا كۆ بوونەوە، شاندی كوردستان پێشنیاری خۆی ئاراستەی كاربەدەستانی بەغدا كردووە و هێشتا سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی ئەو پێشنیازانەن. پێشتریش وەزیری وزەی تورکیا رایگەیاندبوو، تا بەغدا و هەولێر رێکنەکەون نەوتی هەرێمی کوردستان نافرۆشن.




