٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

جۆن مەكین داوا لە واشنتۆن دەكات دەست لە تەنگژەى سووریا وەربدا

سەرچاوە: AK News

سیناتۆری ئەمەریكایی لە كۆمارییەكان جۆن مەكین رایگەیاند: بەرزبوونەوەى ئاستى توندوتیژییەكان لە سووریا راستەوخۆ پێوەندى بەو نیازەى ئیدارەى ئەمەریكاوە هەیە كە نایەوێ دەست لە كاروباری ناوەخۆى سووریا وەربدا.

مەكین لە چاوپێكەوتنێكى بۆ كەناڵى سی ئێن ئێن گوتى: بەهۆى نووچخواردنمان لە هاوكاریكردنى لایەنەكانى ئۆپۆزسیۆن و سەركردایەتیكردنى وڵاتانى ناوچەكە لەوانە توركیا، سعوودیە و قەتەر كە لەگەڵ نەمانى بەشار ئەسەدن، بووەتە هۆى ئەوەى تەنگژەى سووریا بەرەو دۆخێكى مەترسیدار هەنگاو بنێ.

گوتیشى: دەتوانرێ ئێستاش تەنگژەكە چارەسەر بكرێ، بەڵام ئەركى ئەمڕۆمان ئەستەمتر و ئاڵۆزترە، ئەگەر بەراوردى بكەین لەگەڵ ساڵى رابردوو.

مەكین رەخنەى لە ئیدارەى ئەمەریكا و كۆشكى سپی گرت لەبەرامبەر بێدەنگبوون و شوێنكەوتنى بڕیارەكانى رووسیا لەبارەى سووریا و جارێكى تر داواى لە ئیدارەى ئەمەریكا كرد بە چەك و كەلوپەلی سەربازى هاوكاری ئۆپۆزسیۆنى سووریا بكا لەپێناو دروستكردنى ناوچەیەكى ئازاد لە سووریا.

ئاماژەى بەوەش كرد، لە ئەنجامى نەبوونى بەرپرسیارەتێكى رەوا لە سیاسەتى دەرەوە، ئێستا خۆمان لەبەردەم مەترسییەكى گەورەدا دەبنینیەوە كە گواستنەوەى چەكی كیمیاییی سووریایە بۆ حزبوڵای لبنانى.

دوێنێ دووشەم وەزارەتى دەرەوەى سووریا راى گەیاند، دیمەشق چەكى كیمیایى یاخۆ كۆمەڵكوژى بەكار ناهێنێ، تەنیا لە دۆخێكدا نەبێ ئەگەر لەدەرەوە دوژمن هێرش بكاتە سەرمان، ئەم لێدوانەى وەزارەتى دەرەوە رووبەڕووى رەخنەیەكى توندى نێودەوڵەتى بووەوە، ئەمەریكا و وڵاتانى رۆئاوا وریاییان دایە سووریا لە بەكارهێنان چەكى كیمیایی.
 

هەواڵی پەیوەندیدار