لەسەر برینی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم، وەزیری دارایی بانگھێشتی پەرلەمان دەکرێت

بەغدا- تایبەت بەKDP.info/ پەرلەمانتارێکی کورد ئاشکرای کرد کە لەسەر بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، وەزیری دارایی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ بانگھێشتی پەرلەمان دەکرێت.
شلێر عەزیز ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی ھاوپەیمانیی کوردستانی بەkdp.infoراگەیاند: وەزیری نەوتی عێراق لە12/1/2014نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق کردوە، لەبەر ئەوەی ھەرێمی کوردستان 11ملیار دۆلار قەرزدارە و، پێویستە بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان ببردرێت، وەزیری داراییش ئەم داواکارییەی وەزارەتی نەوتی قبووڵ کردووە و لەسەر داوای ئەوان بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستانی بریوە.
شلێر عەزیز گوتیشی: ئەم بڕیارە نادەستوورییە، بۆیە بڕیاریان داوە لەسەر نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان وەزیری دارایی بانگھێشتی پەرلەمان بکەن.
ئەوپەرلەمانتارە کوردە گوتیشی: لەناو پەرلەمانتارە کوردەکان 25ئیمزا کۆ دەکەنەوە و چەند پرسیارێکیش ئامادە دەکەن و ئاراستەی وەزیری دارایی دەکەن و، بانگھێشتی پەرلەمانی دەکەن بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکانیان بداتەوە.
ناوبراو ئاماژەیشی دا، کە وەها بڕیارە ھەر سبەی دەست بە کۆکردنەوەی ئیمزا بکەن بۆ بانگھێشتکردنی وەزیری دارایی بۆ پەرلەمان.
بڵند ئیبراهیم




