٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی: ئەگەر لە بەغدا ئیرادەی چارەسەری کێشەکان نەبێ ئەوا یارمەتیدانی ئێمەش بێ سوودە

سەرچاوە: KDP.info
هەولێر- KDP.info/  سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعوود بارزانی لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق، جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی 2003ـەوە هەوڵی داوە یارمەتیی پڕۆسەی سیاسیی عێراق بدات، بەڵام ئەگەر لە بەغدا ئیرادەی چارەسەری کێشەکان نەبێ ئەوا یارمەتیدانی ئێمەش بێ سوودە. پەیوەست بە کێشەکانی هەرێم و بەغدایش سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند بڕیاری بڕینی بودجە و مووچەی هەرێم نایاسایی و نادەستووری و نائەخلاقییە و گوشارێکی ناڕەوایە لە دژی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
 
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 26ـی 2ـی 2014 لە سەڵاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کازوویا ناشیدا باڵیۆزی نوێی ژاپۆن لە عێراقی فیدڕاڵ و شاندێکی یاوەری کرد.
 
لە دیدارێکدا باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراقی فیدڕاڵ سوپاسی ڕەخساندنی ئەم دیدارەی کرد و هاتنی بۆ کوردستان و دیدار لەگەڵ سەرۆک بارزانی بە شەرەفێکی گەورە زانی و ئامادەیی وڵاتەکەیشی بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بواری سیاسی و ئابووری نیشان دا. هەر لەم دیدارەدا باڵیۆزی ژاپۆن گەشەسەندن و پێشکەوتن سەقامگیریی هەرێمی کوردستانی بە بابەتێکی سەرسووڕهێنەر لە قەڵەم دا و ئەوەشی باس کرد کە ئەو تایبەتمەندییەی هەرێمی کوردستان هاندەرێکی باشە بۆ وەبەرهێنەرە ژاپۆنییەکان کە ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن.
 
لەبەرانبەردا سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی گەرمی شاندی میوان ڕایگەیاند کە خەڵکی کوردستان ڕێزێکی تایبەتیان بۆ گەلی ژاپۆن و مێژوو و کولتوورەکەی هەیە و هەروەها ژاپۆن لەڕێی تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنەوە خزمەتێکی گەورەی مرۆڤایەتی کردووە و ئامادەیی تەواوی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ژاپۆن نیشان دا.
 
لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق کە باڵیۆزی ژاپۆن وەک تەحەدییەکی مەزن بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق وەسفی کرد، سەرۆک بارزانی هێمای بەوەدا کە تیرۆر مەزنترین کێشە و تەحەدییە لەبەردەم پێشکەوتنی عێراق و وێڕای باسکردنی کێشە سیاسییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ئەدای خەراپی حوکمڕانیی لە عێراقدا جەختیشی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان لەدوای ساڵی 2003 هەوڵی داوە یارمەتیی پڕۆسەی سیاسیی عێراق بدات بەڵام ئەگەر لە بەغدا ئیرادەی چارەسەری کێشەکان نەبێ ئەوا یارمەتیدانی ئێمەش بێ سوودە. هەر پەیوەست بە کێشەکانی هەرێم و بەغدا سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند بڕیاری بڕینی بودجە و مووچەی هەرێم نایاسایی و نادەستووری و نائەخلاقییە و گوشارێکی ناڕەوایە لەدژی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
 
بارودۆخ و گوزەرانی پەنابەرانی سووریا و هەروەها ئاوارەکانی ناوخۆی عێراق لە هەرێمی کوردستان و بارودۆخی سووریا و ناوچەکە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.

هەواڵی پەیوەندیدار