كۆڕبەندی عەرەبی: نەناردنی بودجە و بڕینی مووچە، خزمەت بە پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا ناكات

عێراق - KDP.info/ كۆڕبەندی عەرەبی بۆ پشتیوانی لە دۆزی كورد لە بەیاننامەیەكیدا بڕیاری نەناردنی بودجەی هەرێم و بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكوومەتی بەغدا بە گوشارخستنەسەر هەرێمی كوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانێكی دارایی وەسف دەكات.
كۆڕبەندی عەرەبی لە بەیاننامەكەدا ئاماژە داوە كە ماوەی چەند ساڵێكە پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەكان و ژمارەیەك پرسی دیكەی تایبەت بە گرێبەستەكانی وەبەرهێنان و ناردنی نەوت بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان، ئاستەنگەكانی بەردەم جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، بۆوەتە پرسێكی جیددی و بە بێ چارە ماوەتەوە.
كۆڕی عەرەبی بۆ پشتیوانیكردن لە دۆزی كورد داوا لە حكوومەتی عێراق دەكات كە لە بڕیاری نەناردنی بودجە و بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان پاشگەز بێتەوە؛ بەوپێیەی كە ئەمە خزمەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ناكات و حكوومەتی بەغدایش توشی كارەساتێ خراب دەبێت، چونكە رژێمی بەعسی رووخاو بەرامبەر بە ئیرادەی گەلی كورد شكستی هێنا كە بە جۆرەها شێوە هەوڵی لەناوبردنی گەلی كوردی دا و هەمان چارەنووس دووچاری نووری مالیكیش دەبێتەوە.
كۆڕی عەرەبی داوایش لە نووری مالیكیی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكات كە بڕیارەكەی هەڵوەشێنیتەوە و دروستكردنی ناكۆكی و پرۆپاگەندەی نائارامی لە هەرێمی كوردستان بە هیچ شێوەیەك خزمەتی رەوشی گشتی عێراق ناكات.




