٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی دەربارەی بارودۆخی عێراق: سەرچاوەی کێشەکان، پێشێلکردنی دەستوور و پاوانکردنی دەستەڵاتە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- KDP.info/سەرۆکی خەرێمی کوردستان، مەسعوود بارزانی لەگەڵ ژان فڕانسوای گیرۆ بەڕێوەبەری گشتیی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لە وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا، کۆ بووەوە و لەبارەی بارودۆخی ئەمنی و قەیرانی سیاسیی عێراقەوە ڕایگەیاند کە، سەرچاوەی کێشەکان پێشێلکردنی دەستوور و پاوانکردنی دەستەڵاتە. 

ئەمڕۆ چوارشەممە 26ـی 2ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ژان فڕانسوا گیرۆ بەڕێوەبەری گشتیی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لە وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا و شاندێکی یاوەری کرد.

لەم دیدارەدا بەڕێوەبەری گشتیی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لە وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ پێشوازی و ڕەخساندنی ئەم دیدارە و لەسەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بە بارودۆخی نالەباری ئەمنی و سیاسیی عێراق کرد و هەروەها نیگەرانیی خۆیشی نیشان دا لە کارانەبوونی بنەماکانی فیدڕالیزم و کاری پارلەمانتاری و لاوازیی دامودەزگا قەزاییەکانی عێراق و هەروەها قووڵتربوونی کێشەکان لەنێو پێکهاتەکانی عێراقدا. ژان فڕانسوا گیرۆ هیوای ئەوەی خواست کە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەرگەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بکاتەوە.

 سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەڕەنسایش ئاماژەی بەوەدا کە هەڵگری پەیامی دۆستایەتیی فەڕەنسایە بۆ گەلی کوردستان و پێشکەوتنی کوردستانیشی لەنێو ئەو ژینگە پڕکێشەیەی عێراق و ناوچەکە بە سەرنجڕاکێش و گرنگ لەقەڵەم دا.

لەبەرانبەردا سەرۆک بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی کرد و لەبارەی بارودۆخی ئەمنی و قەیرانی سیاسیی عێراق و هەروەها کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە سەرچاوەی کێشەکان پێشێلکردنی دەستوور و پاوانکردنی دەستەڵاتە. ئەنجامەکەشی ئەوە بووە کە عێراق لە مانای دەوڵەتبوون دوور بکەوێتەوە و خزمەتگوزاری و ئاساییش و ژیانی دامەزراوەیی بۆ وڵات دابین نەکرێت.

 سەرۆک بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا هیوای ئەوەی خواست کە لەڕێی پابەندبوونی لایەنەکان بە دەستوور و هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕێگەیەک بۆ چارەسەری گرفتەکانی عێراق بدۆزرێتەوە.

بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و دوایین پێشهاتەکانی سووریا تەوەرێکی دیکەی ئەم دانیشتنە بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار