كڕینی چەك لە ئێران لە لایەن عێراقەوە، كاردانەوەی جیای لێكەوتەوە

عێراق -- KDP.info/سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت عێراق مافی خۆیەتی چەك لە ئێران بكڕێت و ئەمەریكایش خاوەن بڕیاری عێراق نییە.
سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حەسەن سنێد، رایگەیاند وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا خاوەن بڕیاری عێراق نییە و وڵاتەكەی ئازادە لە هەر كوێیەكی ئەم جیهانە چەك بكڕێـت.
سنێد كە یەكێكە لە سەركردەكانی دەوڵەتی یاسا و حیزبی دەعوە بە سەرۆكایەتیی نووری مالیكی، گوتیشی عێراق مافی خۆیەتی لە هەر دەوڵەتێك چەك بكڕێت، تەنانەت ئێرانیش بێت.
ناوبراو گوتیشی، وەزارەتی بەرگری رێوشوێنی كڕینی چەكی ئێرانی گرتووەتە بەر و ئەو هەنگاوەیش ناكۆك نییە لەگەڵ ئەو رێككەوتننامە ئەمنیانەی كە لەگەڵ ئەمەریكا واژۆ كراون، بۆیە چەك لە تاران دەكڕین.
لەلایەكی دیكەوە سیناتۆری ئەمەریكایی، جۆن مەكین، داوای لە كۆنگرێس كرد چاو بەو رێككەوتنی پێشنیازكراوی فرۆشتنی بیستوچوار فرۆكەی جەنگی لە جۆری ئەپاچی بە عێراق بخشێنێتەوە.
ئەمەش بەهۆی ئەو راپۆرتەیە كە باس لە رێككەوتنی كڕینی چەك و كەلوپەلی سەربازی دەكات لە نێوان عێراق و ئێران بەبڕی سەدونەوەدو پێنج ملیۆن دۆلار. جێگای ئاماژەیە بەپێی چەند بەڵگانەمەیەك كە دەست ئاژانسی رۆیتەرز كەوتووە ئاماژە دەدەن كە عێراق گرێبەستێكی بۆ كڕینی چەك و كەلووپەلی و كەرەستەی سەربازی بە بەهای 195 ملیۆن دۆلار لەگەڵ ئێران ئیمزا كردووە، كە ئەمەش سەرپێچیكردنی ئابڵۆقەی نێودەوڵەتیی كڕینی چەكە لە ئێران.
لە بەرامبەریشدا حكوومەتی ئێران رەتی دەكاتەوە گرێبەستی فرۆشتنی چەكی لەگەڵ عێراق ئیمزا كردبێت. ئەم رێككەوتنەش بە یەكەمین گرێبەستی سەربازی فەرمی لە نێوان عێراق و ئێران دادەندرێت دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵەش وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بە دەنگ هات و دەڵێت بەدواداچوون بۆ ئەو هەواڵ و راپۆرتانە دەكەین و گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، جین بساكی، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند ئەگەر ئەم رێككەوتنەی نێوان ئێران و عێراق راست بێت ئەوا ئەم كارە مەترسیدارە.




