نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ شاندێكی فه‌ره‌نساییدا خواستی هه‌رێمی بۆ دیالۆگ دووپات کرده‌وه

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info/ئێواره‌ی دوێنێ سێشه‌ممه، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، پێشوازی له باڵیۆز ژۆن فرانسوا ژیرۆ به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباری باكووری ئافریكا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا به یاوه‌ریی ئالان گێپارت كۆنسووڵی گشتیی فه‌ره‌نسا له هه‌رێمی كوردستان كرد.
له دیدارێكدا دواپێشهاته‌كانی ناوچه‌كه به گشتی و پێشهاته‌كانی سووریا به تایبه‌تی تاوتوو كران و تیشك خرایه سه‌ر بارودۆخی سووریا و ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی ڕووبه‌ڕووی هاووڵاتیانی ئه‌و وڵاته بووه‌ته‌وه كه به ملیۆنه‌هایان ناچاری ئاواره‌یی بوون و له وڵاتانی ده‌وروبه‌ر گیرساونه‌ته‌وه. له‌مباره‌یه‌وه باس له ڕه‌وشی په‌نابه‌رانی سووریا له هه‌رێمی كوردستان كرا و میوانی فه‌ره‌نسی ستایشی ڕۆڵی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له داڵده‌دان و هاوكاریكردنی په‌نابه‌ران كرد.
ڕه‌وشی عیراق و كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و هه‌وڵه‌كانی چاره‌سه‌ركردنیان له ڕێگه‌ی دیالۆگه‌وه به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه بوون كه تیایدا نێچیرڤان بارزانی وێڕای دووپاتكردنه‌وه‌ی خواستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو كێشه‌كان له ڕێگه‌ی دیالۆگه‌وه، دووپاتی كرده‌وه كه پرسی بڕینی بودجه و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له لایه‌ن حكوومه‌تی عیراقه‌وه به هیچ شێوه‌یه‌ك ناخه‌نه ئه‌جێندای گفتوگۆكانه‌وه.
هه‌ر له دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا خۆشحاڵیی خۆیان به ئاستی په‌یوندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و فه‌ره‌نسا ده‌ربڕی و دووپاتیان له گرنگی و چۆنیه‌تیی بره‌ودانی زیاتر به‌و په‌یوه‌ندیانه كرده‌وه. هه‌روه‌ها باس له په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و وڵاتانی دراوسێ و كاریگه‌ریی باشی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه له‌سه‌ر به‌ره‌وپێشچوونی زیاتری هه‌رێمی كوردستان له بواره جیاكاندا كرا.




