لە ئامەد یادی باوكی رۆحیی كورد (بارزانیی نەمر) دەكرێتەوە

ئامەد - KDP.info/ پلاتفۆرمی دیموكراسی كورد لە ئامەد بۆ یادكردنەوەی باوكی رۆحیی كورد مەلا مستەفا بارزانی لە 2ـی ئاداری 2014 كۆنفرانسێك ئەنجام دەدات.
بەپێی هەواڵێكی (AA) پلاتفۆرمی دیموكراسی كورد لە دیاربەكر بۆ یادكردنەوەی مەلا مستەفا بارزانی كە پێش 35 ساڵ لە ولاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كۆچی دوایی كردووە، رۆژی 2 ئاداری 2014 لە ھۆڵی كۆنفرانس و نمایشی رێنیسانسی دیاربەكر كۆنفرانسێك، ئەنجام دەدات. لەبارەی ئەم بەرنامەیە لەسەر شاشەكانی رێكلامی ناو شاری دیاربەكر تابلۆی مەلا مستەفا بارزنی دانراون و بە كوردی لە سەریان نووسراوە "بانگھێشت بۆ یادكردنەوەی نەمر مەلا مستەفا بارزانی."
نوێنەری ھەرێمی كوردستان د. جەعفەر ئیبراھیم ئیمینكی، جێگری سەرۆكی زانكۆی ئارتولوی ماردین پرۆفیسۆر قەدری یڵدڕم، پرۆفیسۆر ئیسماعیل بەشیكچی و نوسەر وەحدەددین ئینجە و ژمارەیەكی زۆری دیكە بەشداری لەم یادكردنەوەیەدا دەكەن.
سەرۆكی پلاتفۆرمی دیموكراتی كورد سەرتاچ بوجاك بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بە بۆنەی 35ەمین ساڵوەگەری كۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی بەرنامەیەك ئەنجام دەدەین. بە بڕوای من بەرنامەیەكی بەم شێوە بەرھەمی پرۆسەی چارەسەر و دیموكراتیبوونی توركیایە."
بوجاك ئاماژەی بەوەدا تا ئێستا یادكردنەوەكە بە شێوەیەكی وا ئاشكرا ئەنجام نەدراوە و گوتی: "مەلا مستەفا بارزانی جێیەكی تایبەتی لە دڵی كوردانی توركیادا ھەیە. بۆچوونی سیاسیی مەلا مستەفا بارزانی ھەر چۆن بووبێ، لەلایەن ھەموو كوردەوە وەكو سەرۆكێكی نەتەوەیی قبووڵ دەكرێ."
بوجاك لە بارەی بەرنامەكەوە گوتی: "لە كۆنفرانسەكەدا ئیسماعیل بێشكچی و جەعفەر ئیبراھیم ئەمینكی باسی ژیانی بارزانی دەكەن."




