٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

زانایانی ئیسلامی و نوجێفی داوای كۆتاییهێنان بە خوێن رشتن دەكەن

سەرچاوە: KDP.info

عێراق -- kdp.info/دەستەی زانایانی ئیسلام لە عێراق، سەرۆكوەزیرانی عێراق، نووری مالیكی و هێزە ئەمنییەكانیان تۆمەتبار كرد بە رشتنی خوێن و ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە ناحیەی سلێمان بەگ لە پارێزگای سەلاحەددین، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی، ئوسامە نوجێفیش داوا دەكات تیرۆریستان و ئەوانەی چەكیان هەڵگرتووە بەهۆی نارەزاییەكان دژ بە حكوومەت لێك جیا بكرێنەوە.

 دەستەی زانایانی ئیسلام لە بەیاننامەیەكدا رایانگەیاند كە هێزەكانی حكوومەت سێزدە كەسیان لە ئافرەت و منداڵ كوشتووە و گوللەبارانیان كردوون بەبێ هۆ و چەندین تەرمیش یاریی پێكراوە و زیاتر لە سەد هاوولاتی ئەم شارۆچكەیە شوێن بزرن و تا ئێستاش هێزە ئەمنییەكان سێ مزگەوتیان تێكداوە و ژمارەیەك ماڵیان سووتاندووە.

 دەستەی زانایانی ئیسلام لە بەیاننامەكەدا داوایان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كردووە كە بەرپرسیاریەتی بگرێتە ئەستۆ و توندوتیژییەكانی حكوومەتەكەی مالیكی بەرامبەر بە هاوولاتیانی مەدەنی بوەستێنێت.

لەلایەن خۆیەوە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوای كرد كە تیرۆریستان و ئەوانەی چەكیان هەڵگرتووە بەهۆی نارازیبوونیان لە بەدەنگەوە نەهاتنی جێبەجێكردنی داواكاریی خۆپیشاندەران لەلایەن حكوومەتەوە، جیا بكرێنەوە، حكوومەتیش تۆمەتبار كرد بە پابەندنەبوون بە بریاری ئاگربەست لە فەللوجە.

 نوجێفی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا روونی كردەوە كە پێویستە حكوومەت پابەند بێت بە بریاری ئاگربەست لە فەللوجە.

لەلایەن خۆیەوە ئەیاد عەلاوی رایگەیاند كە گومانی هەیە لە سەر ئەنجامدانی هەلبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا.

 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا عەلاوی روونی كردەوە كە ئەو جەنگەی حكوومەت لە پارێزگای ئەنبار و كۆچكردنی هەزارەها خێزان لەو پارێزگایە بۆ ناوچەكانی دیكە بارودۆخەكەی تەواو ئالۆز كردووە و گومان هەیە كە بتوانرێت هەلبژاردن لەو كاتەی كە دیاری كراوە ئەنجام بدرێت.

 

 

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار