سەرۆکی هەرێمی کوردستان: پێویستە لە دواڕۆژی سووریادا مافەکانی گەلی کورد مسۆگەر بکرێت

هەولێر- KDP.info/لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی سووریا، جۆڕج سەبرا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعوود بارزانی لەبارەی ڕۆڵی کورد لە سووریا ڕایگەیاند کە گەلی کورد لە کەمترین مافەکانی خۆی لە سووریا بێبەش بووە و پێویستە لە دواڕۆژی سووریادا مافەکانی گەلی کورد مسۆگەر بکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 24ـی 2ـی 2014 لە سەلاحەدین سەرۆکی هەرێمی کوردستان,مەسعود بارزانی, پێشوازی لە جۆڕج سەبرا سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی سووریا و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا سەرەتا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان ڕاگەیاند بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و سوپاسی سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستانیان کرد بۆ ئەو هەڵوێستەی کە هەر لەسەرەتای ڕووداوەکانی سووریا لەبەرانبەر شۆڕشی گەلی سووریا نیشانیانداوە و هەروەها پێزانینی خۆیشیان ڕاگەیاند بۆ ڕۆڵی خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یارمەتیدان و حەواندنەوەی پەنابەرانی سووریا لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان. لەو کۆبوونەوەیەدا شاندی میوان بارودۆخی مەیدانی و سیاسیی سووریایان بۆ سەرۆک بارزانی خستەڕوو و هەروەها ئاماژەشیان بە بارودۆخی نالەباری ئینسانی و ئەو ئێش و ئازارانە کرد کە لە لایەن هێزەکانی ڕژێم بەسەر هاووڵاتیانی سووریا دەسەپێندرێت.
لەبەرانبەردا سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی گەرمی شاندی میوان هێمای بەوەدا کە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەمەڕ ڕووداوەکانی سووریا هەر لەسەرەتاوە ڕوون و ئاشکرا بووە و هیوای ئەوەی خواست کە کۆتایی بە نەهامەتییەکانی گەلی سووریا بێت و یارمەتیدانی پەنابەرانی سووریاشی بە ئەرکێکی گەورە زانی. سەرۆک بارزانی لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە خەڵکی هەرێمی کوردستان بەدەست زوڵم و وێرانکارییەکی زۆر ناڵاندوویانە و زۆر بە باشی لە نەهامەتیی و بارودۆخی گەلی سووریا دەگەن.
لەبارەی ڕۆڵی کورد لە سووریا سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە گەلی کورد لە کەمترین مافەکانی خۆی لە سووریا بێبەش بووە و پێویستە لە دواڕۆژی سووریادا مافەکانی گەلی کورد مسۆگەر بکرێت.
بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و ئەنجامی دانوساندنەکانی جێنێڤ 2 تەوەرێکی دیکەی ئەم کۆبوونەوەیە بوون.




