بەهۆی رەوشی ئەمنییهوه 7100 خێزان لە ناوچەكانی سلێمان بەگ و ئەنبار كۆچیان كردووە

عێراق - kdp.info/ بەرپرسێكی حكوومەتی عێراقی رایگەیاند، بەهۆی ئەو بارودۆخە ناهەموارە ئەمنییەی كە ناوچەكانی ناحیەی سلێمان بەگ و پارێزگای ئەنباری گرتووهتەوە، نزیكەی 7000 و سەد خێزان لە ناوچە جیاكان روویان لە پارێزگای سەڵاحەدین كردووە .
فەزەع جبوری بەرپرسی نووسینگەی كۆچبەران لە پارێزگای سەڵاحەددین سەر بە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران، روونی كردەوە كە بارودۆخی مرۆیی ئەو كۆچبەرانە زۆر خراپ و دژوارە، هەوڵیش دراوە بۆ یارمەتیدانیان . راشیگەیاند، هەر چەند قەیرانی سلێمان بەگ كۆتایی پێهاتووە، بەڵام خێزانە ئاوارەكان مەترسییان هەیە لە گەرانەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان .
بەپێی ئامارەكانی نووسینگەی كۆچبەران لە پارێزگای سەلاحەدین، 3500 خێزان لە سامەرا و 1500 خێزان لە تكریت و 600 خێزان لە بێجی و 200 دیكەش لە شەرگات و 250 خێزانیش لە ناوچەی دۆر و 1500 خێزانیش لە چەند ناوچەیەكی دیكە جێنشین بوون.
جێی باسە ماوەی چەند مانگێكە شەڕ و پێكدادانی توند لە نێوان گرووپی چەكدارانی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام كە بە داعش ناسراوە لەگەڵ سوپای عێراق و چەكدارانی هۆزەكان لە پارێزگای ئەنبار و هەندێك ناوچەی پارێزگای سەڵاحەددین سەری هەڵداوە و بەوهۆیەوە وێرای ئاوارەبوونی هەزاران خێزان، سەدان قوربانیشی لێكەوتووهتەوە.




