موئهییهد تەییب: ئەگەر ئیرادە ھەبێت دەتوانرێت لە ماوەیەکی کەمدا پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند بکرێت

بەغدا- تایبەت بەKDP.info/گوتەبێژی لیستی ھاوپەیمانیی کوردستانی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، ئەگەر ئیرادەیەکی بەھێز ھەبێت دەتوانرێت لە دوو ھەفتە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق پەسەند بکرێت.
گوتەبێژی لیستی ھاوپەیمانیی کوردستانی لە پەرلەمانی عێراق، موئهییهد تەییب، بە kdp.infoی راگەیاند: ئەگەر ئیرادەیەکی بەھێز ھەبێت ھەرێم و بەغدا دەتوانن لەبارەی کێشەکانی نێوانیان بگەنە رێکەوتنێک، ئەوکات پەرلەمان دەتوانێ لە دوو ھەفتەدا پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند بکات.
تەییب گوتیشی: ئەگەر ھەرێم و بەغدایش نەگەنە رێککەوتن ئهستهمه پەرلەمان بتوانێ بەم نزیکانە ئەو پڕۆژهیاسایە پەسەند بکات.
گوتەبێژی لیستی ھاوپەیمانیی کوردستانی راشیگەیاند: ئێمە بەشداری لە ھەموو کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق دهکەین، تەنھا کۆبوونەوەکانی لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە نەبێت، چونکە تاوەکو ھەرێم و بەغدا نەگەنە رێککەوتن ئێمە بەھیچ شێوەیەک بەشداری لە کۆبوونەوەکان ناکەین.




