٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

لە تكریت هاتووچۆ قەدەغەكرا

سەرچاوە: KDP.info

تكریت- KDP.info/ سەرچاوەیەك لە پۆلیسی پارێزگای سەڵاحەدین رایگەیاند كە هێزە ئەمنییەكان توانیان هەوڵێكی چەكداران بۆ چوونە ناو بنكەی پۆلیسی سینییە لە باكووری تكریت پوچەڵ بكەنەوە. روونیشیكردەوە كە لەم هەوڵەدا دوو كارمەندی سەحوە كوژراو چوار كارمەندی پۆلیسیش بریندار بوون .

بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە مووشەكی هاوەن بنكەی پۆلیسی سینییە لەلایەن چەكداران بۆردومانكرا و چەكداران هەوڵیاندا بچنە ناو بنكەكە لە ئاكامدا دوو كارمەندی پۆلیس بریندار بوون .

 دواتر هێزێكی فەوجی پێنجی پۆلیسی ئیتیحادی هەوڵیاندا بگەنە شوێنی رووداوەكە بەڵام بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو پێیاندا سەربازێكی ئەم فەوجە بریندار بوو دواتر هێزێكی سەحوە هەوڵی یارمەتیدانی ئەم هێزە ئەمنییەیان دا، بەڵام بۆمبێكی چێنراو لە نێوان ناحیەی سینیەو قەزای بێجی پێیاندا تەقییەوەو بەهۆیەوە دوو كارمەندی سەحوە كوژران .

 لەلایەكی دیكەوە سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پارێزگای سەڵاحەدین رایگەیاند كە هێزە ئەمنیەكان قەدەغەكردنی هاتوچۆیان لە شاری تكریت راگەیاند بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەمنییەی كە شارەكە پێیدا تێپەر دەبێت . سەرچاوەكە رونیكردەوە كە هێزە ئەمنییەكان سەر لە بەیانی ئەمڕۆ تا كاتێكی نادیار قەدەغەكردنی هاتوچۆیان لە شاری تكریت راگەیاند، روونیشیكردەوە كە ئەم بڕیارە بۆ خراپی بارودۆخی ئەمنی دەگەرێتەوە .

سەرچاوەكە ئەوەشی راگەیاند كە جگە لە قەدەغەكردنی هاتوچۆ رێوشوێنێكی توند گیراوەتە بەر لە ترسی روودانی هەر پێشهاتێكی ئەمنی .

 

هەواڵی پەیوەندیدار