عادل زۆزانی: سیاسەتی حكوومەتەكانی توركیا، توركیا پارچە دەكەن

ئەنقەرە-KDP.info/ پەرلەمانتاری بەدەپە عادل زۆزانی لە پەرلەمانی توركیا بە بۆنەی رۆژی جیهانی زمانی زگماكییەوە گوتارێكی پێشكەش كرد و باسی ئەو قەدەغەكارییانەی كرد كە زیاتر لە 90 ساڵە لە توركیا لە سەر زمانی كوردی پەیڕەو دەكرێن.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی یوكسەكئۆڤا خەبەر بڵاویكردەوە كە عادل زۆزانی پەرلەمانتاری ناوچەی هەكاری لە پەرلەمانی توركیا رایگەیاندووە، بەداخەوە زیاتر لە 90 ساڵە گەلی كورد و زمانی كوردی رووبەرووی سیاسەتی حكومەتە یەك لە دوا یەكەكان و عەقڵیەتی فاشیستی بووەتەوە و هەر جۆرە قەدەغەكارییەكی لە بەرامبەر پەیڕەو كراوە.
عادڵ زۆزانی جەختی لەوە كردوەتەوە كە هەر چەند كورد نەیەوێ توركیا پارچە بكات و بۆ ئەو مەبەستە هەوڵ نەدا بەڵام بە هۆی ئەوەیەوە كە كورد داوای یەكێتی و یەك پارچەیی توركیا دەكات، عەقڵیەتی حكومەتی توركیا وا دەكات كە پارچە كردنی توركیا مسۆگەر بكرێت.




