ئاژانسی ( WFP) لەم مانگەدا تائێستا ( 420 ) تونی هاوكاری مرۆیی لەهەولێرەوە گەیێندراون بۆ سوریا

ئەمڕۆ لەدیدارێكی نێوان د.دیندار زێباری جێگری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی و بەرێز محەمەد حاج فەرەح بەرپرسی ئاژانسی خوراكی جیهانی(WFP ) لە هەولێر و شاندێكی یاوەری، باس لە بەردەوامی پرۆسەی گەیاندنی هاوكاری نێودەوڵەتی مرۆیی بەرێگای فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بۆ ناوچەی حەسەكەی سوریا كرا.
هەروەها تاوتوێكردنی بارودۆخی پەنابەرانی رۆژئاوا بەگشتی لەناو كەمپەكان لە هەرێمی كوردستان و هاوكاری و هەماهەنگی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئاژانسی (WFP) لەبواری زیاتر باشتركردنی رەوشی پەنابەران و پێشكەش كردنی هاوكاری مرۆیی و بەتایبەتی كەل و پەلی خۆراك تەوەرێكی تری ئەم دیدارەبوو.
لەلایەن خۆیەوە بەرپرسی ئاژانسی (WFP) لەهەولێر راگەیاند" لەساڵی نوێیەوە گەیاندنی هاوكاری مرۆیی نێودەوڵەتی بۆ ناوچەی حەسەكەی باكووری رۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامن و لەسەرەتای مانگی شوباتەوە تائێستا بەپێی ئەو بەرنامەی كە لایەنە نێودەوڵەتییەكان بەهاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دارێژاوە بڕی (420 ) چوار سەد و بیست تونی هاوكاری مرۆیی بەرێگای فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەیێندراونە ناوچەی حەسەكە و بڕیار وایە تا رێكەوتی 9/3/2014 بڕی (1200 ) لەو هاوكاریە مرۆییانە لەفڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بگەیێنرێنە ئەم ناوچەیە و نزیكەی ( 000 300 ) سێ سەد هەزار كەس لەم هاوكاریە مرۆییانە سوود مەند دەبن.
لەبەرامبەردا جێگری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی جەختی لەوە كردەوە" حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لەسەر پێشكەش كردنی هەموو هاوكاری و هەماهەنگیەك لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەكان بەمەبەستی گەیاندنی دەستی هاوكاری مرۆیی بە گەلانی سوریا بەگشتی و ناوچەكانی رۆژئاوا بەتایبەت.




