لە شەش مانگی ڕابردوودا 125 هەزار و 991 پاسپۆرت دراوە

بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەلێر عەمیدی مافپەروەر دیدار عومەر قادر بە رۆژنامەی هەولێری ڕاگەیاندووە كە لە بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی پارێزگای هەولێردا، نۆرەگرتن نەماوە و هەر هاووڵاتییەك لە هەر رەگەز و تەمەنێك بێت، بەپێی دەستووری عێراقی فیدراڵ دەتوانێت ببێتە خاوەنی پاسپۆرتی خۆی.
ئەو هەروەها گوتی كە جگە لە نەمانی نۆرەگرتن، بە دوو تا حەوت رۆژیش پاسپۆرتەكە وەردەگیرێتەوە و هەروەها بە هەماهەنگی لەگەڵ بانكەكان، ئێستا نۆرەی چەكوەرگرتنیش نییە و پیت نەماوە، بۆ ئەم مەبەستەیش لە سنووری سۆران دوو بانك كراونەتەوە كە بانكی بێخاڵ و دیلمانن تا هاووڵاتیان ئەو ڕێگە دوورە نەبڕن و هەر لەوێیش مامەڵەی خۆیان تەواو بكەن، پاشان سەردانی بەرێوەبەرایەتیی پاسپۆرت بكەن. عەمید دیدار ئەوەیشی خستە ڕوو كە دوو بانكی دیكەیشیان لە هەولێر زیاد كردووە بۆ ئەوەی قەرەباغی و جەنجاڵی نەمێنێ و ئەوانیش بانكی شیرین و بانكی عەینكاوەن كە ئێستایش لە سنووری پارێزگای هەولێر بە قەزا و ناحیەكانەوە، پێنج بانك بۆ پێدانی چەك بە مەبەستی دەرهێنانی پاسپۆرت كراونەتەوە.
گوتیشی: لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لە سنووری پارێزگای هەولێر، زیاتر لە 125 هەزار و 991 پاسپۆرتمان بۆ هاووڵاتیان دروست كردووە كە لەگەڵ پارساڵدا رێژەكە نزیكەی 40% زیادی كردووە، كە ئەوەیش دەگەڕێتەوە بۆ دڵسۆزی و شەونخونیی ئەفسەر و كارمەندەكانمان.
ئەو ڕوونیشی كردەوە: وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگاری هەولێر زۆر هاوكارمانن بۆ دابینكردنی كەلوپەل و ئامێرەكانی چاپ بۆ دروستكردنی پاسپۆرتی جۆری ئەی. ئێمە لە كاتێكدا كە لە رووی ئیدارییەوە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پاسپۆرتی بەغداین، بەڵام وەكوو پێویست پاسپۆرتی بەغدا هاوكارمان نین.
گوتیشی: سەبارەت بەو هاووڵاتیانەی كە پاسپۆرت ون دەكەن یاخود دەسووتێت یانیش دەدزرێت و دەدڕێت، تاكو ئێستا لە دەستەڵاتی دادگەكانی بەغدادایە، واتە هاووڵاتییەكە دەبێ بچێتە بەغدا بۆ دەرهێنانەوەی پاسپۆرت، هەوڵێكی زۆریشمان داوە بۆ ئەوەی دادگەیەكی لەم جۆرەیش لە هەرێمی كوردستاندا هەبێت و بە هاوكاریی چەند پەرلەمانتارێك كێشەكەمان گەیاندووەتە پەرلەمان تاوەكو لەوێ چارەیەك بۆ ئەو گرفتە بدۆزرێتەوە.




