لەساڵانی 1991 تا 2013 نۆ هەزار و 211 كەس بوونەتە قوربانیی مین و تەقەمەنی

سلێمانی - KDP.info/ هێشتا هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەو نەهامەتیانەی بە درێژایی مێژوو و بە هۆی داگیركارانەوە توشیی بووە قوربانیی مین و تەقەمەنییە و ژمارەی ئەو كەسانەی لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەهۆی مین و تەقەمەنییەوە لەساڵانی 1991 تا 2013 بوونەتە قوربانی 9 هەزارو 211 كەس بووە.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دا سەباح حەمەخان بەڕێوەبەری گشتی كاروباری مین لە سلێمانی ئاماری كارو چالاكییەكانی ساڵی دوو هەزار و سێزدەی خستەڕوو و رایگەیاند كە هێشتا ئەو مین و تەقەمەنییانەی لەلایەن رژێمی بەعسی رووخاوی عێراقەوە لە هەرێمی كوردستان چێندراون؛ ماون و هاووڵاتیان و ئەندامانی تیمەكانی هەڵگرتنەوەی مین بەوهۆیەوە دەبنە قوربانی.
هەروەها بەرێوەبەری گشتی كاروباری مین لە سلێمانی رایگەیاند كە ژمارەی ئەو كەسانەی لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەهۆی مین و تەقەمەنییەوە لەساڵانی 1991 تا 2013 بوونەتە قوربانی 9 هەزارو 211 كەس بووە. لەو ژمارەیە 4 هەزارو 36 كەسیان گیانیان لەدەست داوە و 5 هەزار و 175 كەسیشیان بریندار بوون.
هەروەها راشیگەیاند كە ڕووبەری گشتی ناوچەی چێندراو بەمین و تەقەمەنی لە سنوری پارێزگای سلێمانی 2 هەزار و 923 ناوچەیە بەڕوبەڕی 314 ملیۆن و 154 هەزارو 309 مەتر دوجا.




