ئەردۆغان: مەبەستی خیانەتكارەكان تێكدانی قۆناغی چارەسەری و پرۆسەی دیموكراتیزە كردنی توركیا بوو

ئەنقەرە-KDP.info/ سەرۆك وەزیرانی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی كۆبوونەوەی فراكسیۆنی پارتەكەی لە پەرلەمانی توركیا باسی رەوشی دوایی توركیا و هەوڵدانەكانی دەوڵەتی شاراوە بۆ تێكدانی رەوشی توركیا كرد و گوتی: هەمووی هەوڵ و مەبەستێكی دەوڵەتی شاراوە و خیانەتكارەكان تێكدانی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و پرۆسەی دیموكراتیزە كردنی توركیا بوو.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی ئاكەپە بڵاویكردەوە كە رەجەب تەیب ئەردۆغان لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنی پارتەكەیدا باسی هەوڵدانەكانی جەماعەتی گولەن، ئۆپۆزسیۆنی توركیا و دەوڵەتی شاراوە كردووە و رایگەیاندووە كە هەر دوو پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا ( جەهەپە و مەهەپە) بوونە ئەسیری دەستی دەوڵەتی شاراوە و جەماعەتی گولەن، بە هەر شێوەیەك بیانەوێ بەكاریان دەهێنن و هەموو پێكەوە هەوڵ بۆ نانەوەی ئاژاوە دەدەن لە توركیا.
ئەردۆغان ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنی دژی گەندەڵی 17ی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوو كردووە و رایگەیاندووە كە مەبەستی ئەو ئۆپەراسیۆنە دەرخستنی گەندەڵی نەبوو بەڵكو مەبەست تێكدانی قۆناغی چارەسەری و گەڕاندنەوەی شەڕ و خوێن رێشتن بوو بۆ توركیا، بەڵام سوپاس بۆ خوا نە هاووڵاتییە كوردەكان و نە هاووڵاتییە توركەكان فریوی ئەو پلانگێڕیەیان نەخوارد و زۆر بە وریایی هەڵسووكەوتیان لەگەڵ پرۆسەكەدا كرد.
ناوبراو باسی ئەوەی كردووە كە دەوڵەتی شاراوە و جەماعەتی گولەن خیانەت لە توركیا و گەلی توركیا دەكەن و دەیانەوێ بە بڵاوكردنەوەی دێمەن، تۆماری دەنگ و شتی دیكە شەڕ و نائارامی دووبارە باڵ بەسەر توركیادا بكێشێت، بەڵام ئێمە 11 ساڵە لە بەرامبەر ئەو پلانگێڕیانەدا شەڕمان كردووە و بە پشتگیری و هاوكاری كورد و تورك تا یەك خیانەتكار و چەتە مابێ ئێمە شەڕی خۆمان بەردەوام دەكەین.




