٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

بڕیارەكەی موقتەدا سەدر كاردانەوەی جیای شەقامی عێراقی لێكەوتەوە

سەرچاوە: KDP.info

عێراق - KDP.info/ بڕیارەكەی موقتەدا سەدر بە وازهێنان لە كاروباری سیاسی و داخستنی نوسینگەكانی رەوتەكەی كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتەوە و هەندێ‌ لایەنی سیاسی بڕیارەكەی سەدر بە كارێكی خراپ دەزانن و لایەنی تریش بڕیارەكەی سەدر بە تەكتیكی سیاسی دەزانێت.
لەوبارەوە وەحدە جومەیلی پەرلەمانتار لە ئیئتیلافی موتەحیدون رایگەیاندووە موقتەدا سەدر تەنها موڵكی خۆی نییە، بەڵكو سەدر موڵكی هەموو گەلی عیراقە و ئەو كەسە گیانێكی نیشتمانیی بەرزی هەیە لە هێوركردنەوەی قەیرانەكان و ساڕێژكردنی برینەكان و بڕیارەكەشی بۆ وازهێنان لە پرۆسەی سیاسی، زیانێكی كەمەرشكێنی هەیە بۆ چەند لایەنێك و بەو كشانەوەیە كوتلەی موتەحیدون پشتیوانێكی گەورە لەدەست دەدات و لەبەرامبەریشدا دەوڵەتی قانون تاكە سوودمەند دەبێت لەو بڕیارە.
جومەیلی داواشی لە موقتەدا سەدر كرد لە بڕیارەكەی پاشگەزبێتەوە و پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكانی بگەڕێنێتەوە هۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران تا دەنگی حەق بە بەرزی بهێڵنەوە.
لە لایەكی دیكەوە ئەیاد عەللاوی سەرۆكی بزوتنەوەی ویفاقی نیشتمانی عێراقی رایگەیاند دەرچوونی سەدر لە پرۆسەی سیاسی بۆشایەكی گەورە لە پرۆسەی سیاسیدا دروست دەكات ، داواشی لە سەدر كرد لە بڕیارەكەی پاشگەز ببێتەوە و بۆ نێو پرۆسەی سیاسی بگەڕێتەوە. هاوكات عەللاوی راشیگەیاند لەو پاڵنەرانە تێدەگەین كە وایان كردووە سەدر واز بهێنێت، بەڵام ئێستا سەدر بە تەنیا موڵكی خۆی نیە، بەڵكو موڵكی تەواوی عێراقییەكانە و بەشێكی بنچینەیی بزوتنەوەی گەلانی عێراقە.
لە لایەكی دیكەوە دەوڵەتی قانوون بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی رایگەیاند بریارەكەی موقتەدا سەدر بڕیارێكی تەكتیكی سیاسیە. لەو بارەوە سەعد مەتڵەبی ئەندامی دەوڵەتی یاسا بە شەفەق نیوزی راگەیاندووە ئەمە یەكەم جار نیە موقتەدا سەدر بڕیاری وازهێنان دەدات و ئێمە چاوەڕێی جدیەتین لەم بڕیارەی سەدر . هاوكات سەعد مەتلەبی بڕیارەكەی موقتەدا سەدری بە تەكتیكی سیاسی وەسفكرد.

هەواڵی پەیوەندیدار