بەهۆی خراپی رەوشی ئەمنی هەزاران خێزانی ئەنبار ماڵ و شوێنی خۆیان جێهێشتووە

ئەنبار - KDP.info/ سەرچاوەكانی هەواڵ بڵاویان كردەوە بەهۆی ئەو بارودۆخە نالەبارەی پارێزگای ئەنبار كە ماوەیەكە شەڕی توند لە نێوان سوپای عێراق و چەكدارانی داعش سەریهەڵداوە؛ تا ئێستا نزیكەی 42 هەزار خێزان ماڵ و شوێنی خۆیان جێهێشتووە و رویان لەپارێزگاكانی تری عێراق كردووە،.
سەرچاوەكان ئەوەشیان بڵاوكردەوە كە ئیدارەی پارێزگای ئەنبار حكومەتی عێراق بەوە تۆمەتبار دەكات، كە كەمتەرخەم بووە لەجێبەجێكردنی داواكاری هاوڵاتیان و تا ئیستا وەك پێویست بەدەم داواكاریەكانیان نەهاتووە.
جێی ئاماژەیە ئاوارەبونی ئەوخێزانانە لەپارێزگای ئەنبار لەترسی بۆردومانكردن و هێرشەكانی سوپای عێراق و شەڕ وپێكدادانی نێوان بەناو رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق و شام (داعش) و هۆزە چەكدارەكانی ناوچەكەیە.
هاوكات سەرچاوەكە ئەوشی بڵاوكردەوە كە جێگری سەرۆكی پارێزگای ئەنبار ئاماژەبەوەدەكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بڕی دوو ملیار دینار تەرخانكراوەو و بۆ چارەسەركردنی دۆخەكە 25 لیژنە پێكهێندراوە، لەئێستاشدا حكومەتی عێراق لەهەوڵی ئەوە دایە ناوچەكە كۆنترۆل بكات و بارودۆخەكە ئارام بكاتەوە.




