٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

پسپۆڕان پێیان وایە توركیا باشترین رێگای هەناردە كردنی نەوتی هەرێمی كوردستانە

سەرچاوە: KDP.info

ئەنقەرە-KDP.info/ پسپۆڕانی بواری سیاسی و ئابووری توركیا لە بارەی پرسی هەناردە كردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بازاڕە جیهانییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە توركیا تاقە رێگای باش و متمانە پێكراوە بۆ هەناردە كردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بازاڕە جیهانییەكان.

لەمبارەیەوە ئەرداڵ تاناس كاراگۆل رێكخەری بەشی ئابووری ناوەندی لێكۆڵینەوە سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتی گوتی: تاقە دەروازەی باش و ئەمنی هەناردە كردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بازاڕە جیهانییەكان توركیایە.

تاناس كاراگۆل گوتی: گەورە كۆمپانیا جیهانییەكان لە هەوڵی ئەوەدان سوود لە نەوتی هەرێمی كوردستان وەربگرن، داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان بابەتێكی گەرمی بورسەی نیویۆرك و لەندەنە، لە شوێنێكدا كە باسی پارەی زۆری كەنداو دەكرێ كەس نایەوێ توركیا لە ناوچەكەدا ببێتە خاوەن رۆل، بۆیە هەوڵ بۆ ئەوە دەدرێ كە ئەو هەڵومەرجە باشەی بە پێی ئەو پەیمانە بۆ توركیا رەخساوە، وردە وردە لە ناو ببرێ.

كاراگۆل لە بەردەوامی قسەكانیدا باسی ئەو پرۆژانەی كرد كە لە بارەی دانانی پرۆژەیەكی ئاڵترناتیفی توركیا بۆ هەناردە كردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوروپا ئامادە كراون كرد و گوتی: هەركەس رەوشی سوریا دەزانێ، ئەو وڵاتە بۆ پرۆژەی گواستنەوەی وزە لە بار نییە، بەڵام توركیا بە هۆی ئارامی و ئیستیقرارەوە باشترین وڵاتە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی گواستنەوەی وزەیە.

عەلی سەمین پسپۆڕی ناوەندی بیلگەسام گوتی: توركیا بۆ هەرێمی كوردستان كە دەیەوێ ببێتە فاكتەرێكی گرنگی بواری وزە لە جیهاندا، وەكو بۆڕی هەناسەدانە، بۆیە پێویستی هەرێمی كوردستان بە توركیا هەیە.

سەمین ئاماژەی بەوە كرد كە هۆی ناڕەزایەتییەكانی بەغدا لە بەرامبەر هەناردە كردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، شەڕ و پێكدادانەكانی ناوچە سوننەكان، هەڵبژاردنەكانی 30ی ئادار و دژایەتی كردنی سێ بارە كاندید بوونەوەی نوری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراقە، پێش هەڵبژاردنەكان مالیكی پێویستی بە كورد دەبێ بۆیە مۆڵەت بە هەرێمی كوردستان دەدا كە نەوتی خۆی هەناردە بكا.

سەمین لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا جەختی لەوە كردەوە كە چەندە مالیكی پێویستی بە كورد هەیە ئەوا كوریش ئەوەندە پێویستی بە توركیا هەیە. یەكێك لە كێشەكانی دیكەی نێوان بەغدا و هەولێر مادە ناكۆكەكانی دەستووری بنەڕەتی عێراقە لە بارەی هەناردە كردنی نەوت. یاسای نەوت و غاز لە ساڵی 2007وە تا ئەمڕۆ هەڵپەسراوە، بۆیە ئەو رێككەوتنانەی كە تا ئەمڕۆ ئیمزا كراون دەتوانن ببنە هۆی چارەسەرییەكی كۆرتخایەن. كاتێك كە ئەو یاسایە پەسەند كرا ئەوا ئەو كێشەیە بە یەكجارەكی چارەسەر دەكرێ.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار