ئازاد كردنی گیراوانی دۆزی كەجەكە

ئەستەنبۆل-KDP.info/ لە چوارچێوەی بەردەوامی دانیشتنەكانی دادگای باڵای توركیا لە بارەی دۆزی كەجەكەوە، دادگای ژمارە 15ی سزای گرانی ئەستەنبۆڵ دانیشتنێكی دیكەی لە بارەی دۆزی كەجەكەوە ساز كرد.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی ئیلكەخەبەر بڵاویكردەوە كە رۆژی هەینی دادگای سزای گرانی ژمارە 15ی ئەستەنبۆڵ دانیشتنێكی دیكەی لە بارەی دۆزی كەجەكەوە ساز كردووە. لە دانیشتنەكەدا 77 تۆمەتباری گیراوی كەجەكە ئامادە بوون.
لە سەرەتای دانیشتنەكەدا دادوەر ئیفادەی حەفت تۆمەتباری گیراوی ئەو دۆزەی وەرگرتووە و دوای شەوری لێژنەی دادگا، دادگا بڕیاری ئازاد كردنی بۆ ئەو حەفت كەسە دەر كردووە.
لێژنەی دادگا لە بڕیارەكەی خۆیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە لەگەڵ نەبوونی هیچ بەڵگەیەكی باوەر پێكراو بۆ ئەنجامدانی تاوان لە لایەن تۆمەتبارەكانەوە و لەگەڵ رەچاو كردنی ماوەی گیراوبوونیان بڕیاری ئازاد كردن بۆ ئەو حەفت ئەندامە دەر دەكرێت.




