ئەگەر بوودجە پەسەند نەکرێت ئابووری عێراق مایەپووچ دەبێت

بەغدا - KDP.info/ لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هۆشداریدا لە ئەگەری مایەپوچبوونی عێراق، ئەگەر پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2014 لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا پەسەند نەكرێ. حەیدەر عەبادی، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە لێدوانێكی عێراق نیوز رایگەیاند: پێویستە لەسەر حكومەتی عێراق هۆشدارییەكانی سندووقی نێودەوڵەتی دراو لەبارەی پێویستی كەمكردنەوەی خەرجییەكانی بە هەند وەربگرێ، چونكە زیادبوونی خەرجییەكانی حكوومەتی عێراق كاریگەری لەسەر یەدەگی دراوی عێراق و بودجەی فیدراڵی دەبێ، ئەمە لەكاتێكدایە یەدەگی عێراق لە دراوی بیانی گەیشتۆتە هەشتا ملیار دۆلار. ئەم لێدوانانەی سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە كاتێكدایە پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی دووهەزارو چواردەی عێراق بەهۆی خاڵە جێناكۆكەكانی لە ئەنجوومەنی نوێنەران چەقی بەستووەو بۆتە هۆی ئاڵۆزتركردنی ناكۆكییە داراییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا. پێشتریش ئەندامێکی لیژنەی دارایی رایگەیاندبوو:کە ئەگەر لەماوەی چوار مانگی داهاتوودا بودجەی ساڵی 2014 عێراق پەسەند نەكرێت، ئەوا ئەگەری ئەوە لەئارادایە حكومەتی عێراق رووبەڕووی مایەپوچبوون بێتەوە، چونكە عێراق بەرەو كورتهێنانی ئابووری دەچێت.




