پەرلەمانی ئێران داوای دامەزراندنی وەزارەتی تەڵاق و كاروباری زەواج دەكات

تاران- KDP.info/ بە هۆی زۆربوونی كێشە كۆمەڵایەتییەكان لە ئێران، چەند پەرلەمانتارێكی ئەو وڵاتە داوا دەكەن بۆ چارەسەر كردنی ئەو كێشانە بە تایبەتی كێشەكانی تایبەت بە پێكهێنانی ژیانی هاوسەری و لە یەك جیابوونەوە ( تەڵاق) وەزارەتێك دابمەزرێت.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی خەبەر ئۆنڵین بڵاویكردەوە كە پەرلەمانتاری ئێرانی ئیبراهیم نكو لە سەر ناوی ئەو پەرلەمانتارانەی كە داواكارییەكەیان ئامادە كردووە رایگەیاندووە، بۆ چارەسەر كردنی پرس و كێشە كۆمەڵایەتییە تایبەتییەكانی پێكهێنانی ژیانی هاوسەری و جیابوونەوەی ژن و مێرد، داوامان كردووە وەزارەتێكی تایبەتی بە ناوی وەزارەتی زەواج و تەڵاق دابمەزرێت.
ئیبراهیم نكو ئاماژەی بەوە كردووە كە دوای كۆتایی هاتنی گفتوگۆكانی پەرلەمان لە سەر پرسی بوودجە، ئەو پرۆژە یاسایە لە رێگای سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە دەخنە بەر گفتوگۆی پەرلەمانتارەكان.
نكو لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە رەنگە هەوڵ بدەین تا وەزارەتی وەرزش و لاوان بە هۆی لاوازی و كارنەكردنییەوە هەڵبوەشێنینەوە و لە جیاتی ئەو وەزارەتەدا وەزارەتی تەڵاق و زەواج دابمەزرێنین.




