هۆزەكانی باكووری كوردستان كاریگەرییان لە سەر هەڵبژاردن نییە

دیاربەكر -KDP.info/ لە گەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنە هەرێمییەكان و هەڵبژاردنی سەرۆكۆماری لە توركیا ئاماژە بەوە دەكرێ كە هۆزە كوردییەكانی باكووری كوردستان كاریگەرییان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن نابێت.
لەمبارەیەوە پڕۆفسۆر دكتۆر روستەم ئەركان سەرۆكی بەشی كۆمەڵنانسی زانكۆی دیجلە گوتی: لە هەڵبژاردنی ساڵی 2011وە وردە وردە كاریگەری هۆزەكانی ناوچە كوردییەكان لە سەر هەڵبژاردن كەم بووەتەوە.
دكتۆر ئەركان گوتی: بەدەپە و ئاكپارتی توانیویانە تا رادەیەك لە ناوچەكەدا هۆزەكان لاواز بكەن، رەنگە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا لە شوێنە گچكەكاندا هۆزەكان بتوانن كاریگەر بن بەڵام لە شوێنە گەورەكاندا بە هیچ شێوەیەك ناتوانن خاوەن هێز و كاریگەری بن.
ئەركان لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا لاواز بوونی كاریگەری هۆزەكان لە سەر هەڵبژاردن شتێك نییە كە بە یەك رۆژدا هاتبێ ئاراوە، بەڵكو لەگەڵ دەركەوتنی چینی مامناوەند كە چینێكی سەربەخۆ لە هۆز و زەوییە، پەیوەندیی نێوان ئەندامانی هۆزەكاندا لاواز بوونە، خەڵك نكۆڵی لە ناسنامەی هۆزی خۆی ناكا بەڵام سەرەڕای هۆز و ناسنامەی هۆزەكەی خاوەن ئەو هێزەیە كە بتوانێ بە سەری خۆی بڕیار بدا. وەكو ساڵانی 1950 و 1960 نییە كە سەرۆك هۆز بە یەك ئاماژە دەنگی هۆزەكەی بۆ كەسێكی دیار كۆ بكاتەوە، ئەمڕۆ لە نێو ئەندامانی هۆزەكاندا لە بارەی هەڵبژاردنی نوێنەر و بەرپرسەكاندا ناكۆكی هەیە. ئەگەر لە ناوچەكاندا پرسیاری هەر كەس بكەی ئەوا بۆت دەردەكەوێ كە هەر كەس ئەندامی هۆزێكە بەڵام لە كاتی هەڵبژاردندا هەر ئەندامێكی هۆزەكان بە تەنیا لە سەر دەنگدانی خۆی بڕیار دەدا.




