سبەی پەرلەمانی یەكێتی ئەورووپا سەبارەت بە جینوسایدی كورد كۆدەبێتەوە

برۆكسڵ - KDP.info/ پاش سەردانی بەرێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ پەرلەمانی ئەورووپا، دواتر لە سەر داوای ئەوان بۆ بەجینوسایدناساندنی كوردان، بریارە پێنج شەمەی داهاتوو پەرلەمانی ئەورووپا كوبونەوەیەكی تایبەت لە سەر ئەم پرسە ببەستێت.
بۆ ئەم مەبەستە شاندێكی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بانگێشكراون. دوای ئەوە هەفتەی رابردوو لە ستراسبۆرگ پرسی جینۆسایدی كورد لە كۆبونەوەی گشتی پەرلەمانی ئەوروپا تاوتوێكرا، بریار وایە كۆبونەوەكان لە برۆكس لەسەر ئەم پرسە بەردەوام بن و كۆبونەوەیەكیش لەژێر ناوونیشانی جینۆسایدی كورد لەسەردەمی سەددام لەلایەن لیژنەی پەیوەندیەكانی عێراق لەپەرلەمانی ئەوروپا رێكدەخرێ .
هەروەها بریار وایە كۆبونەوەی پەرلەمانی ئەوروپا بە ئامادەبونی پەرلەمانتارانی ئەوروپی و كۆمسیۆنی ئەوروپاو بەئامادەبونی وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوان ئەنجام بدرێت.
لەوبارەیەوە دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەیەكێتی ئەوروپا رایگەیاند دوای ئەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوای لە پەرلەمانی ئەوروپا كرد سەبارەت بەو پرسە، ئێستا پەرلەمانی ئەوروپا جددیتر لە جاران لەسەر مەسەلەكە كاردەكات و، ئێمەش لە هەوڵی بەردەوامداین لە هەماهەنگی نێوان دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی هەرێم و پەرلەمانی ئەوروپا تا ئەوكاتەی پەرلەمانی ئەوروپا بریارێكی فەرمی لەوبارەیەوە دەردەكات.




